باری له‌ناكاو له‌ سلێمانی راگه‌یه‌ندرا و پارێزگاری شاره‌كه‌ داوای هاوكاری ده‌كات

باری له‌ناكاو له‌ سلێمانی راگه‌یه‌ندرا
كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی پارێزگاری سلێمانی و به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ته‌ندرووستیی و نوێنه‌ری رێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی، سلێمانی (19ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022).
كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی پارێزگاری سلێمانی و به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ته‌ندرووستیی و نوێنه‌ری رێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی، سلێمانی (19ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022).

K24 – هه‌ولێر:

له‌ شاری سلێمانی په‌تای كۆلێرا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و پارێزگاری شاره‌كه‌، داوای هاوكاری هه‌موو لایه‌ك و خۆپاراستنی هاووڵاتیان ده‌كات.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند، ئه‌م ره‌وشه‌ی لێره‌ درووست بووه‌، مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر ته‌ندرووستیی گشتیی.

به‌ گوێره‌ی زانیاری ته‌ندرووستیی سلێمانی، تا ئێستا 56 حاڵه‌تی كۆلێرا له‌ سلێمانی تۆمار كراون، له‌و ژماره‌یه‌ 10 حاڵه‌تیان له‌ تاقیگه‌كانی ناوه‌ندیی عێراق له‌ به‌غدا پشتڕاستكراونه‌ته‌وه‌.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا، پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی واده‌كات كۆلێرا تێپه‌ڕێنین، هۆشیاری هاووڵاتیان و خۆپاراستنه‌.

وتیشی: داوا له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین، هاوكار بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین رووبه‌ڕووی ئه‌م ره‌وشه‌ ته‌ندرووستییه‌ ببینه‌وه‌، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌ندرووستیی گشتیی و تاك.

هه‌روه‌ها وتی: داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، بودجه‌یه‌كی پێویست بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م ره‌وشه‌ ته‌رخان بكات.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و شوێنانه‌ی ئاویان پیسه‌، پێویسته‌ خۆیان ئه‌و ئاوانه‌ بۆ خواردنه‌وه‌ به‌كارنه‌هێنن. ده‌سه‌ڵاتی ته‌واومان داوه‌ به‌ لیژنه‌كانی قائیمقامییه‌ت و ناحییه‌كان، رێككاری پێویست بگرنه‌ به‌ر، ئه‌و شوێنانه‌ی سه‌رچاوه‌ی خواردنی پیسن دایان بخه‌ن.