کە جانتا ڕەشەکەی بابلۆم هەڵڕشت، چیم دی ؟

Kurd24

1.(بابلۆ) لە کۆتایی شانۆییەکەدا، بەدەست و پێی لێکئاڵاوەوە، لەناخێکی وێرانی پاش بومەلەرزەو زریانەوە، بە قوڕگێکی پڕ حەسرەت و گریانەوە، ڕووی تێکردین و وتی:  "ئێوە تەنانەت حەوزێکی لیخنیشتان نیە تا عەکسی قەمەری تێدا ببینن!!".

70 ساڵ  بەر لە ئێستا، عەبدوڵڵا گۆرانی کرێچی، لەوپەڕی نائومێدییەوە بەحەسرەتەوە وتی:

{بەڵێ دیارە، لەناو قەومی بەسیتا، قەدری سەنعەتکار...

وەکو عەکسی قەمەر وایە، لەناو حەوزێکی لیخندا!!}

کەچی مەخابن پاشی 70 ساڵ حەوزە لیخنەکەیشمان نەماوە تا وێنەی ئەو مانگە درەوشاوەیەی تێدا بەدی بکەین!!

2. ساڵانێکە، ململانێی حیزبی و هەژموونی ڕاکەڕاکی پۆست و پلەوپایەو ماستاو ساردکردنەوە، بەچەشنێ بوونەتە مۆدێل و تەرزی ژیان، ژینیان لێ کردووین بە ژان! بەجۆرێ بەهاکانی نیشتمان و هونەرو ئەدەب و داهێنان و زانستیان سووککردووە، هەر ئەڵێی هەرگیز بۆ ساتێکیش خانی و جزیری و حەزرەتی ناڵی و مەحوی و گۆران و زیرەک و مەردان و خالقی و قەرەداخی و شێرکۆو سالار و سەدان مەزنە شاعیرو هونەرمەندی تر لەم نیشتمانەدا نەژیاون و جێدەست و ئاسەوارێکیان هەر نەبووەو نیە!.  

3. ساڵانێکە مانگا برسییە لاتەکانی مۆتەکە خەونەکەی فیرعەون قەپیان لە نەرمە گۆشتی مانگا شیردەرەکانی مەزرای وشکهەڵاتووی نیشتمان گیرکردووە و کەسیش خەمێ لە یوسفێک ناخوات ئەم مۆتەکە خەونەمان بۆ لێکبداتەوە! ساڵانێکە لەم بازاڕە بێ ڕەحمەدا گشت بەهاکان بەکاڵا کراون و مرۆڤیش تێیدا هەرزانترینیانە! میدیایەکی پۆپۆلیستیی دەم شڕو میدیایەکی پیاهەڵدەرو کۆنەخوازیش، شەو و ڕۆژ بۆ  یەکدی لە بۆسەدان و  دەشتودەری وڵات و دڵ و دەروونی خەڵکی بێچارەیان کردووه‌تە گۆڕەپانی شەڕێکی قێزەون. هەرچیشمان هەیە و نیە خەریکە ببێتە قەزاوەگێڕی بەرژەوەندیی دەمشڕو سادەگۆو مانگا برسییە چڵێسەکانی ناو مۆتەکە خەونەکە!  

4. لەم وشکەساڵییەی ئەدەب و هونەردا، چەند ڕۆژێکە پەڵە هەورێکی بە بارانی وەرزی هات ئاوس، لە سلێمانییەوە ڕووی کردووه‌تە پایتەخت و ئێواران بۆ ماوەی سەعات و نیوێک بەخوڕ دادەکات!  چ داکردنێک!؟ چون بەختە باران تۆزو گەردی نیشتووی ساڵانێکی سەر دیەو دڵ و دەروونمان دەشواتەوە! پەڵەهەوری (دوا ڕۆژەکانی بابلۆ)یە کە من پێمخۆشە بە (جانتا ڕەشەکەی بابلۆ) ناوی ببەم. هیواو نزام وایە پەڵە هەوری سەرەتای ڕێنسانسێکی کوردی بێ! چونکە بڕوام وایە، هەروەک چۆن سەدان ساڵ لەمەوبەر ڕێنسانس لە منداڵدانی هونەرو ئەدەبەوە سەریهەڵداو ڕەوتی ژیانی سەدان ملیۆن مرۆڤی ئەوروپایی ئەوساو ئێستای گۆڕی و کردنی بە چەقی بەهاکان،لای ئێمەش درەنگ یان زوو هەر دەبێ وابێ ... لە ئەندێشەکانی ڕۆمان و شەققەی باڵی شیعرو ڕەنگ و فڵچە و ژێی کەمان و تەختی شانۆو سکرینی سینەماوە جارێکیتر لەناخەوە ڕابچڵەکێین و ماناو تین و تاوو چێژ بۆ ژیانمان بگێڕینەوە.  

5. پڕ بە گەروومان، قاقامان لێدا، هەمووان تێر پێکەنیین.. تا بەر لە کۆتایی پێمانوابوو بە ئاڵوگۆڕی جانتا ڕەشەکان و جووڵە و قسەی بابلۆ و کارەکتەرەکانی شانۆییەکە پێدەکەنیین، کەچی لە دوا چارەکە سەعاتدا، وەکوو بەڵای ناگەهان، دارێک کێشای بە سەرمانا، شۆکی کردین! بۆمان دەرکەوت جانتا رەشەکەی بابلۆ نەجانتای پڕ لە دۆلار بوون، نە جانتای جلوبەرگی ژێرەوەی ژنانەیش! دەرکەوت ئەوە هەر جانتا نەبوو، سندووقی رەشی بابلۆ بوو، سندووقی ڕەشی هەمووان! سندووقێکی سیخناخ و پڕ لە نهێنی و گرێ و ڕازو دروشم و ستەم و وەهم و ڕاستیی لینگەوقووچ! هەیهوو هەیهوو! دەرکەوت ئێمە هەر لەسەرەتاوە بەخۆمان پێکەنیوین! ئەوە خۆمانیین بووینەتە بووکەڵەو تۆپی بەرشەقی زەمانە .. تێگەیشتین ئەوانەی سەراسیمەو سەرگەردانن ، ئەوانە نین کە لەسەر تەختی شانۆکە ڕاکە ڕاکیانەو بەناو یەکدا دێن و دەچن! ئەوە ئێمەین کە بەچاوی بەستراوەوە بووینەتە داشی سەرتەختەی شەترەنج و بۆ یەکتری لەبۆسەداین!  

6. ئااااااـی .. بابلۆکان چیتان پێکردین!؟ ئەوە چ سیحرێک بوو ئێوە کردتان؟ چ دوعایەکی چاوبەستتان لێکردین؟ ئێوە، ئێمەتان بەناوی کۆمیدیاو پێکەنینەوە پەلکێشکرد، کەچی نوقمی قوڵایی خەم و تراژیدیاو گریانتان کردین!؟

بەڕێزان بڕیار بەدەستانی هەرێم! تکایە بەر لە تەواوبوونی ماوەی نمایشەکەی بابلۆ، ڕۆژێک بەخۆتان و بەرپرسانی وەزارەت و فەرمانگەو دەزگاکانتان، کە پێشبینی دەکەم لە 400 کەس زیاتر نەبن، هۆڵی میدیا پڕبکەنەوە تا ئەو شۆکەی ئێمە ئەزموونمان کرد، ئێوەش بیبینن و بیبیستن و تامیبکەن. ئەگەر پێشتان خۆشبوو ڕۆژانی دوای نمایش پێکەوە قاوەیەک دەخۆینەوەو دوو قسەی تریشمان دەبێت. دڵنیاشبن لەبریی یوسفێک دەیان یوسفی دڵسۆزی ئەم خاک وخەڵک و خودایە ئامادەن مۆتەکە خەونەکەشمان بۆ لێکبدەنەوەو ڕێگەچارەشیان لەلایە! بەڕێزانم... من تێدەگەم ساڵانێکی زۆرە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ناچارن بەقەدەر بەڕەکەتان پێ ڕابکێشن، ئاسوودە بن، نە باسی پارەتان لەگەڵ دەکەم و نە داوای خەرجی زیادەتان لێدەکەم! بەڵام مافی خۆمە داوای ڕەنجی زیادەتان لێ بکەم! ڕەنجی ئێوەش پرسوڕا پێکردن و پلانداڕشتن و بڕیاردان و چاودێری و بەدواداچوونە، کە دڵنیام بە تێچوو و پێچوویەکی زۆر کەم ئەنجامی زۆر باشیان دەبێت.