نەخۆشی کۆلێرا چییە و چۆن بڵاودەبێتەوە؟

K24 - سلێمانی:
کولێرا نەخۆشییەکى بەکتریاییە (واتە بەهۆى جۆرە بەکتریایەکەوە بڵاودەبێتەوە)، کە تووشى مرۆڤ دەبێت، لە رێگەى چوونە ژوورەوەى بەکتریاى (Vibrio -cholera) بۆ ناو گەدە و ریخۆڵەکان (کۆئەندامى هەرس)، ئەوەش وادەکات مرۆڤ بە خێرایی تووشی سکچوون و رشانەوەیەکى توند ببێت.
ئەم نەخۆشییە، لە خۆراك و ئاوی پیسبووەوە، بە رێگەی خواردن و خواردنەوە دەگوازرێتەوە بۆ جەستەی مرۆڤ، ماوەی گەشەکردنی بەکتریاکە دوو کاتژمێر تا پێنج رۆژ دەخایەنێت.
نیشانەکانى نەخۆشی کۆلێرا
- سکچوونێکى توند، کە لە شێوەى ئاوى برنجە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە.
- رشانەوەیەکی زۆر.
ئەم دوو نیشانەیەی نەخۆشییەکە، وادەکات نەخۆش بڕێکی زۆری ئاو و خوێی لەش لە ماوەیەکی کەمدا لەدەستبدات و ببێتە هۆی لاوازبوونی گورچیلەکانی، بۆیە پێویستە بەخێرایی ئەو بڕە ئاوە بگەڕێندرێتەوە بۆ جهستە لە رێگەی دهمارهكانییهوه "موغەزی" ئاو وهربگرێت، یان خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو.
چارەسەری نەخۆشی کۆلێرا
- خواردنەوەی رێژەیەکی زۆر شلەمەنی، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلەیەی جەستە لەدەستیداوە.
- خواردنی شلەمەنی و سووپ و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییەکان.
- پێدانی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە، بە تایبەت دەرمانی دژە زیندەگی (anti biotic).
چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا
- خواردن و خواردنەوەیەك، کە پیسبووبێت بەم میکرۆب یان بەکتریای (viblro cholera)
- پیسبوونى ئاوى خواردنەوە بە پاشەڕۆى مرۆڤ، کە میكرۆبی جۆراوجۆر پێکهاتووە.
- چوونە ژوورەوەى بەکتریاکە راستەوخۆ لە رێگەى بەکارهێنانى شتى پیس بۆ ناودەم.
- گواستنەوەی لە رێگەی مێشوولەوە، لە شوێنێکی پیسبووەوە بۆ کەلوپەل و خۆراك.
رێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆلێرا
یەکەم: بۆ ئەو کەسانەی تووشی کۆلێرا بوون.
1- جیاکردنەوەی کەسانی تووشبوو، لە ئەندامانی دیکەی خێران.
2- پاککردنەوەی کەلوپەلی نەخۆشەکە و ئەو جلوبەرگانەی بەکاریدەهێنێت.
3- لابردنی پاشماوەکانی نەخۆشەکە، بەشێوەیەکی تەندروست.
دووەم: بۆ ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەکە نەبوون.
1- گرنگیدان بە پاکوخاوێنی.
2- دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە و کوڵاندنی ئاو پێش بەکارهێنانی.
3- خۆپاراستن لە سەوزەیەك کە گومانی لێبکرێت پیسبووبێت.
4- بەکارنەهێنانی خواردن و خواردنەوەی سەردانەپۆشراو و دەستگێڕ و عارەبانەکان.
5- زوو دەستشۆردن بە ئاو و سابوون، بە تایبەت دوای دەرچوون لە تەوالێت و پێش ناخواردن.