بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیموون و رێگاچارەکان

K24- ههولێر:
دکتۆر تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیموون چەند زانیارییەکی ئاشکراکرد و رایگەیاند: '' تا ئێستا پتر لە ههزار و 600 حاڵەتی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموون هەیە. هەروەها گومانی ئەوە هەیە نزیکهی ههزار و 500 کەسی دیکەش تووشی ئەم پەتایە بووبن.
به گوتهی ئهدهانۆم، کۆی ئەو داتایانە لە 7 وڵاتدا تۆمار کراون، کە پێشتر ئەو جۆرە ئاوڵەیان تێدا هەبووە. هەروەها دەرکەوتوە پەتاکە لە 32 وڵاتی دیکەش دهستنیشانكراوه.
ههر لهمبارهیهوه د. هانس هێنری، بەڕێوەبەری هەرێمی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەورووپا، گوتی: "85٪ی ئەو پەتایە لە ئهوروپایە، بەم پێیەش ئهوروپا چەقی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیەیە لە جیهاندا.''
بڕیارە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ماوەی ههفتهی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاووتوێکردنی پەرەسەندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ساز بكات.
بە گوێرەی پێناسەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئاوڵەی مەیموون پەتایەکە، لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی باس لەوە دەکەن، ئەگەری گواستنەوەی ئەم پەتایە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ کەمە. بەڵام ئەوەش باس کراوە، رەنگە ئەم پەتایە لە رێگەی بەرکەوتن لەگەڵ شلەکانی جەستە، برین لەسەر پێست، دەم یان قورگ، بەکارهێنانی پەمپی کۆئەندامی هەناسەدان و شتە پیسبووەکانهوه بگوازرێتەوە.
پێشتر پسپۆڕانی ناسراوی نەخۆشییە درمەکان داوای گرتنەبەری هەنگاوی بەپەلەیان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی کردووە بۆ بەربەستکردنی بڵاوبوونەوەی خێرای ئاوڵەی مەیموون. نیگەرانی ئەو پسپۆرانە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە نابێ دەسەڵاتداران و رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەنگاوە هەڵەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دووبارە بکەنەوە، کە دۆزینەوەی حاڵەتەکانی دواخست و ئەمەش لەسەر بڵاوبوونەوەی خێراتری ڤایرۆسەکە کاریگەر بوو.