لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە هه‌واڵێكی هه‌ندێك په‌یج و ئه‌كاونت ره‌ت ده‌كاته‌وه‌

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.. "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی مووچه‌ نه‌كراوه‌"
كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان و لیژنه‌ی وزه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان
كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان و لیژنه‌ی وزه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، وه‌زارتی سامانه‌ سروشتییه‌كان هه‌واڵێكی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ به‌ناوی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ له‌ هەندێك بەیج و ئەكاونتی ساخته‌ هه‌ڵبه‌سترابوو و دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی راستی نییه‌.

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، بەهیچ شێوەیەك لە گفتوگۆكانی نێوان وەزارەت و لێژنەی سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان، باسی پرسی موچە نەكراوە، به‌ڵكو بە تێروتەسەل باس لەهەنگاوەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كرا، كە بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین و پاڵپشتی حكومەت گیراوەتەبەر.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان جه‌ختیشی كرده‌وه‌، لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان (پاراستنی ئەمنیەت و مووچەی هاووڵاتیان و خزمەتگوزارییەكان) لە ریزبەندی پێشەوەی بەرنامە و كارەكانی حكومەته‌

ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان:

بەهیچ شێوەیەك لە گفتوگۆكانی نێوان وەزارەت و لێژنەی سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان باسی پرسی موچە نەكراوە.

ئەمڕۆ رێكەوتی 19/6/2022 لە دیوانی وەزارەتی كارەبا، كەمال محمد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتیەكان بەوەكالەت لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆك و ئەندامانی لێژنەی سامانە سروشتیەكان كۆبووە و بە تێروتەسەل باس لەهەنگاوەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كرا. كە بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین و پاڵپشتی حكومەت گیراوەتەبەر، بەداخەوە بەناوی بەڕێز وەزیرەوە لەهەندێك بەیج و ئەكاونتی ساختەوە هەواڵێكی هەڵبستراو بڵاوكراوەتەوە، كە دوورە لەراستییەوە، لەكاتێكدا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان (پاراستنی ئەمنیەت و موچەی هاوڵاتیان و خزمەتگوزارییەكان) لە ریزبەندی پێشەوەی بەرنامە و كارەكانی حكومەت دێت و دابینكردنی بەنزین و پاڵپشتیكردنی لەلایەن حكومەتەوە، بەهیچ شێوەیەك پەیوەندیی بەمووچەوە نییە و لەسەر حسابی فەرمانبەرانی خۆشەویست بەهیچ شێوەیەك باسی پرسی مووچە نەكراوە و ناكرێت.

وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان خاوەنی بەیجی فەرمی فەیسبووكی خۆیانن و بەفەرمی لەلایەن فەیسبووكەوە ناسێندراون و هەر هەواڵ و بۆچوونێك بپچەوانەی ئەم دوو بەیجە بڵاوبكرێتەوە، وەزارەت لێی بەرپرسیار نییە و تەنیا بۆ بەلارێدانەبردن، سەرقاڵكردن و كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنتە.

وەزارەتی سامانە سروشتیەكان

19/6/2022

H.B