پارێزگاری هه‌ولێر بڕیاری له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك رێنمایی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆلێرا دا

K24- هه‌ولێر:
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نه‌خۆشی کۆلێرا و رێگریكردن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌و نه‌خۆشیه دروست دەکرێت.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، پارێزگاری هه‌ولێر دووپاتیكرده‌وه، سەلامەتیی هاووڵاتیان له سەرووی هەموو شتێکه و تیمەکانی قایمقامیەت بۆ چاودێریی بازاڕ زیاتر دەکرێن.
هه‌وره‌ها گوتی: كار له‌سه‌ر زیادكردنی پێداویستیی تەندروستی بۆ ئامادەکاری بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆلێرا ده‌كرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ژماره‌ی تیمه‌كانی تایبه‌ت به نەخۆشییه گوازراوەکان زیاتر دەکرێن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو چاودێریكردنی سەرچاوەکانی ئاو چڕتر دەکەنەوه و بەڕاده‌كانیش له گرتووخانەکان، مزگەوتەکان و شوێنه گشتییەکان دادەخرێن.
وه‌ك ئاماژه‌شی پێدا، چاودێریی سەر مەلەوانگه و هۆڵەکان توندتر دەکرێن چاودێریی سەر کۆمپانیاکانی ئاویش زیاتر دەرکرێن.
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، سەوزه له هەموو خواردنگەکان قەدەغه دەکرێت و له خواردنگه و چایخانەکانیش پێویسته پەرداخی سەفەری بەکاربهێنرێت و ئاوی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیش چاودێرییه‌كی زیاتریان دەخرێتەسەر.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: ئەم بڕیارانه بۆ ماوەی یەك مانگ كارا ده‌بن و ئەگەر پێویست بکات رێکارەکان توندتر دەکەین.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، 4 حاڵەتی تووشبوون به نه‌خۆشی كۆلێرا له سنووری پارێزگای هه‌ولێر پشتڕاست کراونەتەوه و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ژماره‌یه‌ك رێكار و رێنمایی خۆپارێزی له‌و نه‌خۆشییه بۆ هاووڵاتییان راگه‌یاندووه و داوای له خه‌ڵكی سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان كرد، پابه‌ندی رێكار و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بن.
H.B