سهرۆك بارزانی داوا دهكات رێگە نەدرێت چیتر مێژووی گەلی کوردستان چەواشە بکرێت

K24- ههولێر:
رۆژی یەکشەممە 19ـی حوزەیرانی 2022 سەرۆك مسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی نووسەر و ئەکادیمست و رۆشنبیرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد, کە بەمەبەستی بەشدارییکردن لە مەراسیمی ناساندنی زنجیرەیەك کتێبی پڕۆژەی دۆکیۆمێنتاریی شۆڕشەکانی بارزان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.
لە دیدارەکەدا سەرۆك بارزانی، بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و وێڕای دەستخۆشی بۆ بەڕێز بارام وەڵەدبەگی, بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگیی کوردستان لە تاران و تەواوی ئەو کەسانەی لە پڕۆژەی دۆکیومێنتاریی شۆڕشەکانی بارزان رۆڵیان گێڕاوە و کتێبەکانیان ئامادەکردووە، دەستخۆشیی لە زانکۆی سەلاحەدین و ئەو کەس و لایەنانە کرد، کە مەراسیمی ناساندنی پڕۆژەکەیان بەڕێوەبردووە و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ پڕۆژەکە خواست.
سەرۆك بارزانی رۆڵی ڕۆشنبیران و ئەکادیمیست و نووسەرانی لە ناساندنی دۆزی رەوای گەلەکەمان و گرێدانی پردی پەیوەندیی لەگەڵ گەلانی دیکەی ناوچەکە بەرز نرخاند و برەودان بەکاری فەرهەنگی وەك بەشێك لە خەباتی گەلەکەمان پێناسە کرد و داوای کرد، رێگە نەدەن چیتر مێژووی گەلی کوردستان چەواشە بکرێت و خۆیان بەپشت بەستن بەبەڵگە و زانیاریی دروست و متمانەپێکراو کار لەسەر ناساندنی مێژوو بکەن.
شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بە دیدارەکە، سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بە سەرۆك بارزانی کرد و ئاماژەیان بە پێگەی جەنابیان لەناو کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان کرد، کە جگە لە پێگە سیاسییەکەی، وەك ئومێد و هیوای رزگاری، پێگەیەکی مەعنەویی بەرزی لەناو کورد هەیە و لەناو پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێرانیشدا جێی رێز و تەقدیرە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، شاندی میوان ژمارەیەکی زۆر کتێب و بەرهەمی چاپکراوی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد.


H.B