سەرکردەیەکی داعش لە عێراق کوژرا

دوو یاریدەرەکەشی لەگەڵ کوژراون
شوێن بە ئامانجگرتنی سەرکردەکەی داعش
شوێن بە ئامانجگرتنی سەرکردەکەی داعش

K24 - هەولێر

هەواڵگری عێراق ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنێکدا والی ئەنباری رێکخراوی داعش و دوو لە یاریدەدەرەکانی کوژراون.

ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری توانیویانە ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامبدەن، کە تێیدا والی ئەنباری رێکخراوی داعش ناسراو بە ئەبو مەنسور ئەلحەیاتی، لەگەڵ دوو لە یاریدەدەرانی کوژراون.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوبەشی لەگەڵ شانەی بە ئامانجکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق لە بیابانەکانی ئەنبار ئەنجامدراوە.

هەواڵگری عێراق روونیکردووەتەوە، ئەبو مەنسور یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی داعش بوو، کە عێراقییەکانی لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی ناوچەی روتبە دەکردە ئامانج.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 16ی ئەم مانگە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی سەرکردەیەکی داعشی بەناوی "هانی ئەحمەد کوردی" لە سووریا راگەیاند، کە یەکێک بووە لە شارەزایانی دروستکردنی بۆمب.

.
.