بە ڤیدیۆ.. ترەمپ گاڵتە بە کەوتنەکەی بایدن دەکات

بە تۆپی گۆڵف لە بایدن دەدات
دۆناڵد ترەمپ و جۆو بایدن
دۆناڵد ترەمپ و جۆو بایدن

K24 - هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کەوتنی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر پاسکیلەکەی لە ویلایەتی دێلاوێر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" گاڵتە بە رووداوەکەی دەکات.

دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە لە سەرەتا خۆی تێیدا یاری گۆڵف دەکات و لە کۆتاییشدا ساتی کەوتنی جۆ بایدن نیشان دەدات، وەک ئەوەی تۆپی گۆڵفەکەی جۆو بایدنی بە ئامانج گرتبێت.

رووداوه‌كه‌ له‌ كه‌نار ده‌ریا له‌ ویلایه‌تی دێلاوێر بووه‌ و كاتێك به‌ پایسكل ویستوویه‌تی به‌ره‌و لایه‌نگرانی بچێت لە پاسکیلەکەی بەردەبێتەوە و سەری بەر قیری شەقامەکە دەکەوێت.

دۆخی تەندروستی جۆو بایدن (79 ساڵ) لەماوەی رابردوودا بووە جێی مشتومڕی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام گوتەبێژی کۆشکی سپی، کارین جان-پیێر جەختیکردەوە لەوەی "بایدن ئێستا تەندروستی زۆر باشە و هیچ گەنجێک ناتوانێت لەگەڵیدا بڕوات".