لە ماوەی 24 کاتژمێردا 635 نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لە سلێمانی تۆمارکراون

"رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان دەگیرێتەبەر"
کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری کارگێڕی سەرجەم مەڵبەندە تەندروستیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی
کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری کارگێڕی سەرجەم مەڵبەندە تەندروستیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێردا 635 نەخۆشی سکچوون و رشانەوە، لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی تۆمارکراون، سەرجەم نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەکانیش ئاگادارکرانەوە، رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان بگرنەبەر.

ئەمڕۆ 20ی حوزەیرانی 2022، د سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند "لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، لە سەنتەری شاری سلێمانی 635 حاڵەتی توشبوون بەنەخۆشی سكچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی داخڵكراون، خۆشبەختانە لە نەخۆشخانەكان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە و زۆرینەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە".

کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری کارگێڕی سەرجەم مەڵبەندە تەندروستیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی

هەروەها محەمەد عەلی ساڵح، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی و کارزان رەفیق، لێپرسراوی کارگێڕی مەڵبەندە تەندروستییەکان، لە بەڕێوەبەرێتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، لەگەڵ بەڕێوەبەری کارگێڕی سەرجەم مەڵبەندە تەندروستیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوە و بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان لە پەتای سکچوون و رشانەوە و کۆلێرا.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە "یایدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، داوای لەسەرجەم بەڕیوەبەری مەڵبەندە تەندروستییەکان کرد، ئامادەکاری تەواو بکەن، بۆ زیاتر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی".

لل

ئاماژە بەوەشدراوە، کە تەندروستی سلێمانی بە بەرنامە و پلانی نوێوە، رووبەڕووی نەخۆشی کۆلێرا دەبێتەوە و بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی سکچوون و رشانەوە بوون، فشار لەسەر نەخۆشخانەکان دروستبووە، بۆیە ئەگەر ژمارەی نەخۆش زیاتر ببێت، ئەوا پێویستە نەخۆشخانەی دیکە بکرێتەوە و بەشێک لە کارمەندانی مەڵبەندە تەندروستییەکان، ئامادەبن بۆئەوەی لەکاتی پێویستدا خزمەت پێشکەش بە نەخۆشەکان بکەن.