پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە عيراقییەکان دەست بە گفتوگۆکانی دەکاتەوە

K24 - هەولێر:
پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان، شاندێکی نوێی بە سەرۆکایەتی فواد حسێن و ئەندامییەتی بەنگین رێکانی و شاخەوان عەبدوڵا پێکهێناوە.
بەنگین رێکانی ئەندامی شاندەکە لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا بە کوردستان24 راگەیاند، شاندەکەیان لە بەغدان، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی هیچ کۆبوونەوەیەکییان نەکردووە.
شاندەکەی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو پێشهاتە سیاسییە نوێیانە گفتوگۆ دەکات کە لە شەقامی سیاسی عێراقی روویانداوە.
جموجۆڵەکان دوای ئەوە دێت کە موقتەدا سەدر بەهۆی نائومێد بوونی لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی، لە یارییەکە چووە دەرەوە و گۆڕەپانەکەی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی چۆڵکرد، چوارچێوەی هەماهەنگیش دەستی بە گفتوگۆکانی خۆی کردووە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.