کۆلێرا ئێپیدیمیی له شاری رۆشنبیرییدا

Kurd24

چاوپێداخشاندنێکی خێرا بۆ کۆلێرا:

1. سیمپتۆمی سه‌ره‌کیی نه‌خۆشییه‌که سکچوونێکی ئاکووته. ئاکووت واتا خێرا، ئێستا و ئالێره‌دا.

2.  کۆلێرا له رێگای به‌کتریای ڤیبریۆ کۆلێراوه تووش ده‌بین.

3.  تووشبوون به کۆلێرا له رێگای تووشکردنه‌وه له‌نێوانی دوانزده کاتژمێر بۆ پێنج رۆژدایه.

4.  سکچوونه‌که هه‌تا بڵێی توونده و ته‌نها ئاو دێته خواره‌وه.

5.  بۆچیی ئه‌م سکچوونه توونده؟ وه‌ڵام. به‌کتریای کۆلێرا ژه‌هرێکی زۆر بڵاوده‌کاته‌وه. ئه‌و ژه‌هره‌ی که کۆلێرا بڵاوی ده‌کاته‌وه له ریخۆڵه بچکۆله‌دا ده‌نووسێن به سێله‌کانی ریخۆڵه بچکۆله‌وه، هه‌ربۆیه ریخۆڵه‌ بچکۆله ئاوێکی زۆر و خوێ ده‌ڕژێت بۆ له‌ناوبردنی ژه‌هره‌که، به‌مشێوه‌یه سکچوونێکی زۆر ده‌ستپێده‌کات، که نه‌خۆش له ماوه‌ی یه‌ک کاتژمێردا یه‌ک لیتر ئاو فڕێده‌داته ده‌ره‌وه.

6.  مردن به هۆی به‌کتریاکه‌وه نییه، به‌ڵکوو به‌هۆی له‌کیسدانی ئه‌و هه‌موو ئاو مینه‌راڵه‌وه‌یه، که له رێگای سکچوونه‌وه فڕێده‌درێنه ده‌ره‌وه.

7.   پاڵه‌په‌ستۆی خوێن داده‌به‌زێت به‌هۆی له‌کیسدانی خوێی له‌ش و ترشی له خوێندا.

8.  له کوێ خه‌ڵک زۆر تێکه‌ڵ بوون و له ده‌وری یه‌ک کۆبوونه‌وه، له‌وێدا زیاتر بڵاوده‌بێته‌وه.

9.  تووشبووان پێویسته ئاوێکی زۆر بخۆنه‌وه (ئاوی خاوێن، نه‌ک پیس). چونکه له رێگای سکچوونه‌وه ئاوێکی زۆری له‌ش له‌کیسده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌شی تووش نه‌بوون، باشتره بۆ خۆپاراستن ئاوێکی زۆر بخۆنه‌وه.

10. له ده‌رمانخانه‌کانی کوردستاندا ژه‌هریش به‌بێ رێنمایی پزیشک ده‌کڕیت، هه‌ربۆیه به‌شێکی زۆری هاووڵاتییان له‌کاتی وه‌هادا راده‌که‌ن بۆ ده‌رمانخانه‌کان و ئه‌نتی بیۆتیکووم ده‌کڕن و ده‌یخۆن به‌بێ هیچ رێنماییه‌کی پزیشک. لێگه‌ڕێ و ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه به، که خۆت چاره‌سه‌ری خۆت به ئه‌نتیبیۆتیکووم بکه‌یت، چونکه یارمه‌تیی نادات. ئه‌نتیبیووتیکووم ته‌نها بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه به‌کاردێت، که ته‌ندروستییان زۆر خراپه، ئه‌مه‌ش بۆ راگرتنی سکچوونه‌که‌یه. ئه‌م به‌کارهێنانه‌ش له‌ژێر چاودێریی پزیشکدایه بۆ زیاتریینی پێنج رۆژ.

11. ده‌ستشۆردنی به‌رده‌وام به شامپۆ یان سابوون. خواردنه‌وه و خواردنی خاوێن. پاکوخاوێنیی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی، که تێیدایت.

12. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ له باروودۆخێکی ئاکووتی وه‌هادا، شاری رۆشنبیریی پێویستی به ڤاکسین دژ به کۆلێرا نییه؟

ئاخۆ هه‌بوونی چه‌ند شاعیر و نووسه‌رێک له شارێکدا، شارێک ده‌کاته شاری رۆشنبیریی؟ ئاخۆ رۆشنبیریی کراسێکه ته‌نها به به‌ری شاعیر و نووسه‌ر ده‌بێت؟ کۆمپیوته‌رێک نه شاعیره نه نووسه‌ر، به‌ڵام رۆشنبیره، کاتژمێرێکی مۆدێرن، مۆبایلێک، یه‌خچاڵێک، ئۆتۆمۆبیلێک هه‌مانشێوه رۆشنبیره. به‌ڵام بۆچی وێڕای مۆری رۆشنبیریی به ته‌وێڵی سلێمانییه‌وه، بۆگه‌نی شه‌قامه‌کانی ده‌تکووژێت؟ بۆچیی ئه‌م هه‌موو زبڵ و خاشاکه له شه‌قام و کۆڵانه‌کاندا رژاوه؟ وه‌ڵام، چونکه ته‌نها خه‌ڵکی رۆشنبیر به ته‌نگ خاوێنیی و ته‌ندروستییه‌وه‌ن. پرسیار ئه‌دی چلۆن ده‌بێت خه‌ڵکی سلێمانیی بیت و رۆشنبیر نه‌بیت؟ وه‌ڵام. چونکه رۆشنبیریی ناوێکه ته‌نها به‌سه‌ر نێوچه‌وانی سلێمانییه‌وه‌یه و هیچی تر. هه‌روه‌کوو ئه‌وه وه‌هایه، له پاکه‌تێکی ئایفۆن چوارده‌دا، مۆبایلێکی مۆتۆرۆلای مۆدێل ساڵی 1995 وه‌ربگریت.

بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆلێرا هێنده‌ی خه‌تای هاووڵاتییانی سلێمانییه به چاره‌کی ئه‌وه خه‌تای حکومه‌ت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی نییه. تاکه خه‌تای حکومه‌ت ئه‌وه‌یه، که تووندوتیژ نین به‌رانبه‌ر به پراکتیزه‌کردنی پابه‌ندبوون به یاساکانی ته‌ندروستییه‌وه. بوودجه‌ی هه‌موو کوردستان له سلێمانییدا خه‌رج بکرێت، ناتوانێت رێگریی له روودانی هه‌ر جاره‌ی به‌ڵایه‌ک له‌و شاره‌دا بگرێت.

تۆ رۆشنبیریت ئه‌گه‌ر بێتو گرنگیی به پاکوخاوێنیی ماڵت بده‌یت، خۆت پاکوخاوێن رابگریت، رۆژانه به به‌رده‌وامیی له‌دوای هه‌موو کارکردنێک به ده‌ستلێدان له ته‌نی پیس ده‌ستت بشۆیت. خواردنه‌‌وه‌ی خاوێن بخۆیته‌وه، خواردنی خاوێن بخۆیت. خواردنی سه‌ر عه‌ره‌بانه نه‌خۆیت، خواردنه‌وه‌ی سه‌ر عه‌ره‌بانه نه‌خۆیته‌وه. ئه‌و چێشتخانه‌یه‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌ی خاوێن نه‌بێت تێیدا خواردن نه‌خۆیت. رۆشنبیریی ئه‌وه نییه، که تۆ شاعیر و نووسه‌ر و ئه‌کادێمیست بیت، به‌ڵکوو ئاگامه‌ندییت رۆشنبیرت ده‌کات. ئاگامه‌ندییت دوای هه‌موو سه‌یرانێک وه‌ها ده‌کات، که پاشماوه‌کانت له‌دوای خۆت هه‌ڵبگریت و شوێنه‌که به خاوێنیی بۆ که‌سێکی تر به‌جێبهێڵێت.

ماوه‌ته‌وه له ده‌می شۆپنهاوه‌ره‌وه بڵێم، ته‌ندروستیی هه‌موو شت نییه، به‌ڵام هه‌موو شت به‌بێ ته‌ندروستیی هیچه.