رووسیا گازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی بیتکۆین بەکاردەهێنێت

رووسیا لەگەڵ بەرهەمهێنەرە دیارەکانی بواری دراوی دیجیتاڵی رێککەوتن دەکات
بیتکۆین
بیتکۆین

K24 - هەولێر:

سەرەڕای گومانەکانی بە تەکنەلۆژیای دراوە دیجیتاڵییەکان، بەڵام حکومەتی رووسیا لەگەڵ بەرهەمهێنەرە دیارەکانی بواری دراوی دیجیتاڵی کار بۆ بەرهەمهێنانیان دەکات.

كۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی کە لەلایەن دەوڵەتی رووسیاوە خاوەندارێتی دەکرێت، لەگەڵ کۆمپانیای بیت ریڤەر گەیشتوونەتە رێککەوتن تاوەکو کەرەستەی کانزاگەری دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ رووسیا دابین بکات و رووسیاش لە رێگەی گازی سروشتییەوە کارەبای پێویست بۆ پڕۆسەی بەگەڕخستنی ماینەرەکان تەرخان دەکات.

وەک بەشێک لە هاوکارییەکان، کۆمپانیای بیت ریڤەر لە کێڵگە نەوتییەکانی گاز پڕۆم پەرە بە ژێخانە ئابوورییەکەی دەدات و دراوی دیجیتاڵی بەرهەمدەهێنێت.

رووسیا یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکان بۆ بەرهەمهێنانی دراوی دیجیتاڵی و کانزاگەری بیتکۆین، بە شێوەیەک لە ساڵی رابردوو بۆ بەرهەمهێنانی بیتکۆین سێیەم وڵات بووە لەسەر ئاستی جیهان لە بەکارهێنانی کارەبا.