شه‌پۆلێكی خۆڵبارین عێراق ده‌گرێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ به‌رزترین پله‌ی گه‌رما له‌م پارێزگایه‌ی عێراق تۆمار كرا
دیمه‌نی خۆڵبارینی عێراق، وێنه‌: AFP / ئه‌رشیڤ
دیمه‌نی خۆڵبارینی عێراق، وێنه‌: AFP / ئه‌رشیڤ

K24 - هەولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بووله‌رزه‌زانی عێراق ئاشكرای كرد، ئه‌مڕۆ به‌رزترین پله‌ی گه‌رما له‌ پارێزگای به‌سره‌ی باشووری عێراق تۆماركرا كه‌ 52 پله‌ی سیلیزی بوو، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، شه‌پۆلێكی خۆڵبارینی نیمچه‌ چڕ ده‌ستپێده‌كات.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی عێراق ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 20ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ تێیدا هاتووه‌، سبه‌ی 21ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022 شه‌پۆلێكی نیمچه‌ خۆڵبارین روو له‌ پارێزگاكانی عێراق ده‌كات.

كه‌شناسی راشیگه‌یاند، بۆ ئه‌مڕۆ به‌رزترین پله‌ی گه‌رما له‌ پارێزگای به‌سره‌ تۆمار كرا كه‌ (52 پله‌ی سیلیزی) بوو، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت رۆژی چوارشه‌ممه‌ كۆتایی به‌م شه‌پۆله‌ی گه‌رما بێت.

هه‌روه‌ها كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی عێراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ (موسڵ 44 پله‌)، (كه‌ركووك 47 پله‌)، (سلێمانی و دهۆك 42پله‌)، (به‌غدا 49 پله‌)، (رمادی 47 پله‌)، (روتبه‌  42 پله‌)، (تكریت 47 پله‌)، (دیاله‌ 49 پله‌)، (خانه‌قین 50 پله‌)، (حیلله‌ 48)، (كه‌ربه‌لا 49 پله‌)، (نه‌جه‌ف و سه‌ماوه‌ و دیوانییه‌ 50 پله‌)، (ناسرییه‌ و عیمار 51 پله‌) و (به‌سره‌ 52 پله‌)ـی سیلیزی.

كه‌شناسی عێراق روونیكرده‌وه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو پله‌كانی گه‌رما داده‌به‌زنه‌وه‌، خۆڵبارین روو له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عێراق ده‌كات.