"محه‌مه‌د سه‌ڵاح و لیڤه‌رپوول نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن"

محه‌مه‌د سه‌ڵاح یاریزانی میسری یانه‌ی لیڤه‌رپوول له‌گه‌ڵ یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری هه‌مان یانه‌
محه‌مه‌د سه‌ڵاح یاریزانی میسری یانه‌ی لیڤه‌رپوول له‌گه‌ڵ یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری هه‌مان یانه‌

محەمەد سەڵاح و لیڤەرپوول هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نێوانیان و بەپێی سەرچاوەکان دانووستانەکانی نێوانیان تا دێت زه‌حمه‌تر دەبێت، رێدز ترسی هەیە ئەم یاریزانە لەدەست بدات، چونکە دۆخی هێندە باش نابێت بەتایبەت لە کاتێکدا سادیۆ مانێش نزیکە لە بایرن میونشن.

هێشتا دانوستانەکان لە نێوان لیڤەرپوول و محەمەد سەڵاح بەردەوامە، بۆ ئەوەی یاریزانە میسرییەکە ڕازی بکەن لە ئەنفێڵد بمێنێتەوە، لە کاتێکدا ترسی ئەوە هەیە کە یاریزانە میسریەکە لەم هاوینە ریزەکانی رێدز بەجێبهێڵێت.

لە راپۆرتێكی رۆژنامەی میرەری بەریتانیدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئەگەرێكی بەهێز هەیە سەڵاح لە هاوینی ئەمساڵدا یانەی لیڤەرپوول جێبهێڵێت.

لە راپۆرتەكەدا كە وردەكارییەكەی لەلایەن ماڵپەڕی لیڤەرپوڵ ئیكۆەوە بڵاوكراوەتەوە، ئەوەشی خستۆتەڕوو كە لیڤەرپوڵ هەموو شتێكی داوەتە سەڵاح، بەبێ ئەوەی ئەو ئۆفەرە هیچ كاریگەرییەكی هەبێت لەسەر مووچەی ئەو یاریزانانەی لە یانەكەدا ماونەتەوە.

هێما بۆ ئەوەش کراوە كه‌ نوێنه‌رانی سه‌ڵاح له‌ دانوستانه‌كانیاندا لەگەڵ رێدز نایانەوێت لە هێچ شتێک خۆش ببن، ئه‌مه‌ش سازانی هەردوو لا ئەستەمتر دەکات.

لیڤەرپوڵ ترسی لە رۆیشتنی ئەستێرە میسریەکە هەیە، کە لە 254 یاریدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 156 گۆڵی تۆمارکردووە و 63 ئەسیستیشی کردووە.

سوورپۆشەکان لە ئەگەری رۆیشتنی سەڵاح رەنگە خۆیان  لە دۆخێکی سەختدا ببیننەوە، چونکە ئەستێرەکەی دیکە کە سادیۆ مانێیە ئەمیش لە ڕێگایە بۆ بایرن میونشن.

رۆژی 9ـی حوزەیران، سەڵاح وەک باشترین یاریزانی ساڵی ئینگلاند دەستنیشان کرا، تاجی باشترین یاریزانی ئینگلتەرای پێبەخشرا کە لە وەرزی 2017-2018شدا هەمان خەڵاتی بەدەستهێنابوو.