مه‌سرور بارزانی و شاندێكی ئه‌مه‌ریكا تاووتوێی پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ئەمنی عێراقیان كرد

"ستایشی ڕۆڵی پێشەنگ و هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەت کرا"
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی سەربازی ئەمەریکی دەکات
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی سەربازی ئەمەریکی دەکات

K24 - هەولێر:

راگه‌یاندنی نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، مه‌سرور بارزانی،  پێشوازی لە شاندێکی سەربازی ئەمەریکی كرد.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی حوزەیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی سەربازی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی ژەنەرال کیس فیلیپس، گەورە راوێژکار و پاشکۆی سەربازی ئەمەریکی لە عێراق کرد کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی کردبوو.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكومه‌تدا هاتووه‌، لە دیدارەکەی مه‌سرور بارزانی، له‌گه‌ڵ جەنەرال کیس فیلیپس، دوایین گۆڕانکاری، پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ئەمنی عێراق، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، تیرۆر بە گشتی، گرنگیی برەودان بە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە وسوپای عێراق تاووتوێ کران.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانی ئەمەریکا لە هێزی پێشمەرگە، هیوای سەرکەوتنی بۆ ژەنەرال فیلیپس لە ئەرکەکانی داهاتوویدا خواست.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی مه‌سرور بارزانی هێما بۆ ئه‌وه‌ كرا كه‌ گەورە راوێژکار و پاشکۆی سەربازی ئەمەریکی لە عێراق، ستایشی رۆڵی پێشەنگ و هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی کرد لە ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و جەختی لەوە کردەوە ئەم چاکسازییانە، هۆکارێکی بەهێزن بۆ بەردەوامبوونی هاریکاری و پشتگیرییەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمەریکا، بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

665
765765
7676