بۆ هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و گاز پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاری دەکات

ئەنجومەنی وەزیران دوو پڕۆژەیاسای ناردووەتە پەرلەمان
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - 28/4/2021
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - 28/4/2021

K24 – هەولێر

پێكھاتە و  شێوازی دەنگدانی  ئەنجومەنی نەوت و گازی ھەرێمی كوردستان، گۆڕانكاری تێدا دەكرێت و ئەنجومەنی وەزیرانیش پڕۆژەی ھەمواری ناردوەتە پەرلەمان، ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان دەڵێت: ھەموارکردنەوەی یاسای نەوت و غاز، پەیوەندی بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە نییە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوو پڕۆژەیاسای ناردوەتە پەرلەمان، ھەمواری یەكەمی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز یەکێکە لەو دوو پڕۆژەیاسایە و  دەبێتە ئەولەویەتی كاری پەرلەمان و لیژنەی یاسایی ئامادەكاری بۆ تێپەراندنی  دەکات.

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "یاسای نەوت و گاز کە لە ساڵی 2007 دەرچووە حکومەت مەبەستیەتی هەمواری بکاتەوە، کاتێک پڕۆژەی حکومەت دێتە پەرلەمان راستەوخۆ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت، دواتر دەنێردرێتە لیژنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بۆ خوێندنەوەی دووەم ئامادە بکرێت".

پڕۆژەی ھەمواری یەكەمی یاسای نەوت و گاز، لە چوار ماددە پێكھاتووە، ئەنجومەنی وەزیران ماددەی چوارەمی یاساكەی ھەموار کردووەتەوە، کە تایبەتە بە پێكھاتەی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، ژمارەی ئەندامەكانیشی دەبێتە شەش ئەندام، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنەكە و شێوازی دەنگدانیش  گۆڕانكاری تێدا دەكرێت.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو ئەنجومەنە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، پێویستە باڵانسێک هەبێت لە پشکی سێ هێزی بەشدار لە حکومەت لە پێکهاتەی ئەنجومەنەکە، هەر بۆیەش دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە بۆ ئەوەی باڵانسی ئەم سێ هێزە لە ئەنجومەنی نەوت و گاز یەکلایی بێتەوە".

ھەمواری یاسای نەوت و گازی ھەرێمی كوردستان، ھیچ پەیوەندییەكی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دژ بە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی كوردستان نییە، ھۆكاری ھەمواركردنەوەشی پەیوەندی بە دووبارە رێكخستنەوەی پێكھاتەی ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گازەوە ھەیە كە تایبەتە بە میكانیزمی گرێدان و دەنگدانی ئەنجومەنەكەوە.