لەگەڵ هەوڵەکانی بایدن بۆ هەرزانکردنی بەنزین نرخی نەوت دابەزی

پێشبینی دەکرێت بایدن باجی سەر بەنزین هەڵبگرێت
نرخی نەوت و بەنزین
نرخی نەوت و بەنزین

K24 - هەولێر:

لەگەڵ هەوڵەکانی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا دابەزی.  

سەرۆکی ئەمەریکا گوشاری کردووەتە سەر کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتەکەی تاوەکو هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە گرانبوونی نرخی سووتەمەنی بخەنەگەڕ، بە تایبەت کە لە وەرزی هاویندا خواست بۆ بەنزین بۆ بەرزترین ئاستی بەرزدەبێتەوە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 3.30 بۆ 110.84 دۆلار بەرزبووەوە، هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی سەدا 3.94 بۆ 105.55 دۆلار بەرزبووەوە.

پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ جۆو بایدن باجی سەر بەنزین بەشێوەیەکی کاتی هەڵبگرێت، کە 18 سەنتە بۆ هەر گاڵۆنێک بەنزین.

هاوکات، بڕیارە سبەی پێنجشەممە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ حەوت کۆمپانیای نەوتی لە کۆشکی سپی لەبارەی دابەزاندنی نرخی بەنزین کۆببنەوە.