لە 24 کاتژمێردا 482 حاڵەتی سکچوون و رشانەوە لە سلێمانی تۆمارکراوە

"زۆرینەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە"
نەخۆشخانەیەکی پارێزگای سلێمانی
نەخۆشخانەیەکی پارێزگای سلێمانی

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لەماوەی لە 24 کاتژمێردا 482 حاڵەتی سکچوون و رشانەوە تۆمارکراوە و زۆرینەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

ئەمڕۆ 22ی حوزەیرانی 2022، د. سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند "لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە سەنتەری شاری سلێمانی 842 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی سكچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی داخڵ كراون".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، ئەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، چارەسەری پێویستیان بۆکراوە و زۆرینەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە، نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لەناو منداڵان و دواتر لەناو هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانیدا بڵاوبووەوە، رۆژی 19ی ئەم مانگە، ئەنجامی پشکنینەکان ئەوەیان دەرخست، کە بەشێک لە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە نەخۆشی کۆلێرایە، بۆیە بڕیاردرا، رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆلێرا و پرۆتۆکۆڵی چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆلێرا، بۆ ئەو نەخۆشانە بەکاربهێندرێت، کە بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 20ی حوزەیران بڕیاریدا، بڕی 800 ملیۆن دینار، وەک بودجەی فریاگوزاری خێرا، بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی سکچوون و رشانەوە و کۆلێرا، لە پارێزگای سلێمانی خەرجبکرێت.

کۆلێرا نەخۆشییەکی بەکتریاییە و لە رێگەی ئاو یان خۆراکی پیسبووەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، سکچوونی تووند و رشانەوەی زۆر، سەرەکیترین نیشانەکانی نەخۆشییەکەن، کە دەبنە هۆی وشکبوونەوەی جەستە و لەکارکەوتنی گورچیلەکان، ئەگەر نەخۆش بە خێرایی چارەسەر وەرنەگرێت و ئەو بڕە ئاوەی جەستەی لەدەستیداوە، بۆی قەرەبوو نەکرێتەوە.