لیژنەی دارایی پەرلەمان: لەگەڵ وەزیری دارایی باسی پاشەکەوتی مووچە دەکەین

داوا دەکەین وەزیری دارایی ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بێت
زیاد جەبار - ئەرشیف
زیاد جەبار - ئەرشیف

K24 – هەولێر

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، خەریکی ئامادەکارکردنی ژمارەیەک راپۆرتن لەبارەی کێشە داراییەکان، دواتر داوا دەکەن وەزیری دارایی ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بێت، یەکێکە لە بابەتەکانیش کە لەگەڵ وەزیری دارایی باسی دەکەن پاشەکەوتی مووچەیە.

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان خوێندنەوە بۆ کۆمەڵێک راپۆرت دەکرێت و دەنگیش لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەک دەدرێت کە پێشتر خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە".

سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و گاز، گوتی: "ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت و لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "12 یاداشتی پەرلەمانتاران رووبەڕووی لیژنەی دارایی کراونەتەوە، ئێستا خەریکی ئامادەکاری راپۆرتین لەسەر ئەو بوارانەی پەیوەندیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە، یەکێک لەوانە بابەتی پاشەکەوت و لێبڕینی مووچەخۆرانە و میکانیزمی دابەشکردنی مووچە، لە بەرامبەریشدا هاووڵاتییان قەرزداری حکومەت لە کرێی ئاو و کارەبا، هەروەها نەبوونی یاسای بودجە لە هەرێمی کوردستان، وەستاندنی دامەزراندنی فه‌رمانبه‌ران و وەستانی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، بەشێکی دیکەیە لە راپۆرتەکە، دوای ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر ئەو پرسانە داوا دەکەین وەزیری دارایی و ئابووری بێتە پەرلەمان و وەڵامی ئەو بابەتانە بداتەوە".

زیاد جەبار، ئاماژەی بەوەشدا: "نەبوونی سیستمی بانکی و یەکێکە لەو گرفتانەی بەردەوام کێشەی بۆ میکانیزمی دابەشکردنی مووچە دروستکردووە، داوامان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە لە یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020 جێگەی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی کێشەی دابەشکردنی مووچە چارەسەر بکرێت".