به‌غدا و هه‌ولێر گفتوگۆ له‌بارەی هەماهەنگی سه‌ربازی ده‌كه‌ن

"جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە هاوکاری و هەماهەنگی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق كرایه‌وه‌"
به‌غدا و هه‌ولێر گفتوگۆ له‌بارەی هەماهەنگی سه‌ربازی ده‌كه‌ن
به‌غدا و هه‌ولێر گفتوگۆ له‌بارەی هەماهەنگی سه‌ربازی ده‌كه‌ن

K24 - هەولێر:

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای كرد، سەرۆکی ئەرکان لەگەڵ فەرماندەی فرقەی 14ـی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نەینەوا کۆبووەوە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئەمڕۆ 22ـی حوزەیرانی 2022، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە لیوا روکن عه‌بدوڵڵا ره‌مه‌زان ئه‌لجبوری، فەرماندەی فرقەی (14)ـی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و شاندێکی یاوەری کرد.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، لەو دیدارەدا، گفتوگۆ له‌بارەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق کرا، بەتایبەت لە ناوچه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق كه‌  بۆشایی ئەمنین.

هه‌روه‌ها جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە هاوکاری و هەماهەنگی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق كرایه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند، بۆ بەرقرارکردنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە، پێویستمان بە کاری هاوبەش و هەمەلایەنە هەیە.