فه‌نتازیای میدیای ئازاد

Kurd24

یه‌که‌م: میدیای ئازاد له‌نێوانی بوون و هیچدا

قسه‌کردنی به‌رده‌وام له‌سه‌ر میدیای ئازاد هیچ نییه بێجگه له هیچێک. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچیی هیچ؟ وه‌ڵام. چونکه ئه‌گه‌ر لێره‌دا قسه له‌سه‌ر بوونێک بکرێت، ئه‌وا بوون هه‌میشه هۆکاری بنه‌ڕه‌تبوونی خۆیه‌تی، لێ هیچ خاوه‌نی ئه‌م هۆکاره نییه. ڕه‌وانتر بدوێم، گریمان ئیسلامییه‌ک هۆکاری بوونی مرۆڤ به خودا ده‌زانێت، نه‌ک سروشت. ئه‌وا تاکێکی تریش هۆکاری بوونی میدیا ده‌به‌ستێته‌وه به پارته‌وه. به بۆچوونی من ئه‌م دیده بۆ باشووری کوردستان له سه‌دا سه‌د ڕاسته. پرسیار بۆچیی؟ وه‌ڵام. چونکه میدیا پێویستی به ژێرخانێکی داراییه هه‌تا بتوانێت درێژه به ژیانی بدات. هیچ میدیایه‌کی کوردستانیش خاوه‌نی ئه‌م ژێرخانه نین. من نازانم ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژنامانه چه‌ندن، که ڕۆژانه له باشووری کوردستاندا ده‌فرۆشرێت، به‌ڵام ده‌توانم گوومانم هه‌بێت له‌وه‌ی، که داهاتی هیچ ڕۆژنامه‌یه‌ک ناگاته ئه‌و ئاسته‌ی، که خۆی پێ به‌ڕێوه بچێت. بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر هیچ. له‌ هه‌موو پێرسپێکتیڤێکی بیرکردنه‌وه‌وه، له هه‌موو گۆشه‌نیگایه‌که‌وه، کاتێک ئێمه قسه له‌سه‌ر میدیا بکه‌ین، ئه‌وا مه‌رجی ئه‌گه‌ره‌کان له‌م بواره‌دا، بریتییه له تێگه‌یشتنی ئێمه له جیهانی ڕه‌خنه و بۆچوونه جیاوازه‌کانمان وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ تێڕوانین له ڕاگه‌یاندن. ئه‌مه‌ش وه‌ک پێویستییه‌کی ڕیاڵانه وه‌ک ئاڵته‌رناتیڤی بوون (بوونی ڕاستیی میدیا). ئه‌مه‌ش له ئه‌زموونی میدیای ئێمه‌دا له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه هه‌تا ئێستا بوونی نییه، که‌واته ئه‌م ئه‌گه‌ر و بوارانه ده‌چنه خانه‌ی هیچه‌وه. واتا ئه‌مانه هیچن نه‌ک بوون.

 دووهه‌م: دابه‌شبوون و دژایه‌تییه‌کی بێ واتا

خۆشویستنی نیشتیمان و دڵسۆزبوون بۆ نیشتیمان هیچ جیاوازییه‌کی نییه له‌گه‌ڵ خۆشویستنی خێزان و دڵسۆزبوون بۆ خێزان. به‌ڵام هه‌روه‌کوو چلۆن ده‌گمه‌نن ئه‌و خێزانانه‌ی، که ته‌بان و دڵسۆزی خێزانن، ئاوهاش ده‌گمه‌نن ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی، که ته‌بان له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا و دڵسۆزی نیشتیمانن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچیی پێویسته دڵسۆزی خێزان و نیشتیمان بین؟ وه‌ڵام.

1. چونکه ئێمه پێکه‌وه خێزانێکین وه‌ک دایک و باوک و خوشک و برا، خێزانیش پێویسته له په‌یوه‌ندییه‌کی باشدا بن له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا. چونکه ئێمه پێکه‌وه هاووڵاتیی نیشتیمانێکین، وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکی هه‌رێم و هاونیشتیمانییان. هه‌مووش پێکه‌وه پێویسته په‌یوه‌ندییه‌کی باشمان هه‌بێت،

2. پێویسته هه‌ست به‌و ڕاستییه بکه‌ین، ئه‌گه‌ر له خێزاندا ناته‌باین له نیشتیمانیشدا ناته‌باین.

3. بۆچیی ئه‌م ڕاستییه گرنگه؟ وه‌ڵام، چونکه خێزان و نیشتیمان پێویسته له هه‌موو شتێکی تر گرنگتربێت له‌لامان.

4. چونکه په‌یوه‌ندیی باش و پته‌و له‌گه‌ڵ خێزان و نیشتیماندا هه‌م ته‌ندروسته و هه‌میش پێویسته بۆ ژیانێکی ئاسووده و به‌خته‌وه‌ر.

سێهه‌م: دڵسۆزیی

هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا، پێویسته ئه‌ندامانی خێزان دڵسۆزیی یه‌کتریی بن، چونکه ئه‌م کاره هه‌م نۆرماڵه و هه‌میش گرنگ و پێویست. ئاوهاش پێویسته میدیا هاوشێوه‌ی حکومه‌ت دڵسۆزی هاونیشتیمانیانی خۆی بێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که هه‌تا چ سنورێک ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه دڵسۆزی هاونیشتیمانییانی خۆیه‌تی؟ ده‌شێت ئاسۆس هه‌ردیی وه‌ڵامێکمان بداته‌وه، که خۆی به دروستی بزانێت. به‌ڵام له هه‌مانکاتدا ده‌شێت هاووڵاتییه‌ک به‌شێوه‌یه‌کی تر وه‌ڵاممان بداته‌وه، که ئاسۆس هه‌ردیی به دروستی نه‌زانێت. با من لێره‌دا خۆم به نموونه بهێنمه‌وه. له‌وه‌ته‌ی ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه خاوه‌نی لاپه‌ڕه‌یه‌کی ئێلێکترۆنییه هه‌تاوه‌کوو ساڵی 2013 من چه‌ندیین جار وتارم بۆ ناردوون نه‌ک بڵاویان نه‌کردۆته‌وه، به‌ڵکوو ئاماده نه‌بوون وه‌ڵامیشم بده‌نه‌وه. ئه‌م ڕاستییه بۆ خه‌ندانیش هه‌مان شته، جیاوازیی تێیاندا ئه‌وه‌یه، که خه‌ندان هه‌رچی جنێو و وشه‌ی ناشیرین هه‌یه به‌رانبه‌ر به من به‌کاریان ده‌هێنا. ئه‌مانه هۆکاری ئه‌وه‌ن، که من له شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانییه‌وه، له شاری ڕۆشنبیرییه‌وه بگوێزمه‌وه بۆ هه‌ولێر. له هه‌ولێردا له گوڵ کاڵترم پێ نه‌گووتراوه، له هه‌ولێردا غه‌در له یه‌ک وشه‌ی من نه‌کراوه. له هه‌ولێردا ئازا و ئازاد ده‌دوێم، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک پێمبڵێت، ئه‌وه ئێژی چیی؟ له باسنیوزدا له گوڵ کاڵترم پێ نه‌گووتراوه، له کوردستان بیست و چواردا له گوڵ کاڵترم پێ نه‌گووتراوه. له هه‌ولێردا حه‌وت کتێبم چاپکراوه. له‌کاتێکدا له ساڵی 2004 دا دوو کتێبم نارد بۆ ده‌زگای سه‌رده‌م، نه‌ک ئاماده نه‌بوون چاپی بکه‌ن، به‌ڵکوو سووکایه‌تییشیان پێکردم.

چواره‌م: ڕاستیی

ڕاستیی شاردراوه له‌م که‌یسه‌دا ئه‌وه‌یه، که تیرۆری ده‌روونیی له سلێمانییدا باڵاده‌سته. ئه‌م دیارده‌یه‌ش شتێکی نوێ نییه و به‌ڵکوو ڕه‌گێکی پته‌وی له مێژوودایه. به‌شێک له میدیاکارانی سلێمانیی به ئاشکرا له زمانی جه‌سته‌یاندا درۆ ده‌بینرا. ته‌نانه‌ت خودی ڕه‌حمان غه‌ریبیش خاوه‌نی درۆ بوو، ئه‌م ڕاستییه له زمانی جه‌سته‌یدا ئاشکرا ده‌بینرا. من ساده‌تریین نیشانه‌ی شه‌رم له ڕه‌حمان غه‌ریبدا پیشان ده‌ده‌م، کاتێک درۆی ده‌کرد، خۆی شه‌رمی له درۆکردنی خۆی ده‌کرد. ئه‌م نیشانه‌یه‌ی له خوراندنی نێوچه‌وانیدا پیشان ده‌دا. سه‌رۆک وه‌زیران ڕاست ده‌کات، ڕۆژنامه‌وانیی باشتریین به‌رگه بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕاستیی، که بیپۆشیت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاخۆ به ڕاست ئه‌م هه‌موو دژبوون و ڕه‌خنه‌گرتن و هێرشه کاری ڕۆژنامه‌وانییه یاخوود شتێکی تر؟ ئاخۆ به‌هه‌ق ئه‌وه‌ی که به ڕۆژنامه‌وانانی بادینان ناوده‌برێن ڕۆژنامه‌وانن؟

پێنجه‌م: دارایی

ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ یۆنانی کۆن و بگه‌ڕێین به‌دوای واتای سیاسه‌تدا، ئه‌وا ده‌گه‌ین به چه‌مکی پۆلیتیک (پۆلی به واتای کۆ یان گشتیی. تیک به واتای ڕێککه‌وتن یان یاسا) به کۆی گشتیی ده‌گه‌ین به ڕێککه‌وتنی گشتیی یان یاسای گشتیی. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که ده‌بێت خاوه‌نی ڕێککه‌وتن یان یاسایه‌ک بین، که هه‌موومان له‌سه‌ری کۆک بین. به‌ڵام ئێمه له باشووری کوردستاندا له‌سه‌ر هیچ شتێک کۆک نین. که‌یسی دارایی میدیای کوردییش، که‌یسێکه، که هه‌رگیز تێیدا ناگه‌ین به ڕاستیی ڕووت. ترانسفه‌رێنسبوون له میدیای کوردییدا مه‌حاڵه، هه‌روه‌کوو چلۆن ترانسفه‌رێنسبوون له پارتی کوردییدا مه‌حاڵه. ئیمڕۆ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شتێک له باشووری کوردستاندا نادیاره، ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه‌ی دارایی مۆدڵ و ئه‌و هه‌موو خانمه هه‌رزه‌کاره ده‌وڵه‌‌مه‌نده هه‌ڵتۆقیوانه‌ش نادیاره. کاک به‌رهه‌م عه‌لی ڕاست ده‌کات، خه‌م لێره‌دا ئه‌وه نییه، که پارتێکی کوردیی سه‌رچاوه‌ی دارایی میدیایه‌ک بێت، به‌ڵکوو خه‌می گه‌وره ئه‌وه‌یه، که وڵاتێکی دراوسێ یان هه‌ر وڵاتێکی تر سه‌رچاوه‌ی دارایی میدیای کوردیی بێت، چونکه ئه‌م سپۆنسه‌رانه له‌به‌ر خاتری چاوی ڕه‌شی چه‌نده‌ها سه‌رنووسه‌ر پاره له میدیای کوردییدا خه‌رج ناکه‌ن.