کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێك گیانلەدەستدانی 6 کەسی لێکەوتەوە

کۆپتەرەکە لە جەنگی ڤێتنام و سێ فیلمی بەناوبانگدا بەکارهاتووە
کۆپتەری "N98F"
کۆپتەری "N98F"

K24 - هەولێر:

هێلیکۆپتەرێكی سەردەمی جەنگی ڤێتنام، لە ئاسمانی ویلایەتی ئۆکلاهۆمای ئەمەریکا کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی کە ژمارەیەکان 6 کەس بووە گیانیان لەدەستدا.

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "نیویۆرک تایمز"، کۆپتەرەکە لە ناوچەی لۆگانی سەربە ویلایەتی ئۆکلاهۆما لەسەر شەقامی 17 کەوتووەتە خوارەوە.

سۆنیا پۆرتەر، جێگری بەڕێوبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردنی فریاگوزاری لۆگان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی 24 کاتژمێر رێگاکە بە داخراوی بمێنێتەوە، تا تەواو بوونی لێکۆڵینەوەکان.

کۆپتەرەکە لەجۆری "N98F"ـەو خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی فڕۆکەوانی مارپێت، لە ساڵی 1962 دروست کراوە و مێژووی بەکارهێنانی کۆپتەرەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی ڤێتنام و لە هەریەك لە فیلمەکانی " Die Hard" و " The Rock" و "Baywatch"ـدا دەرکەوتووە.