بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

گیروگرفتەکانی رێگاوبان و یەکەکانی نیشتەجێبوون لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە تاووتوێ دەکرێن
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان درێژەپێدەری کۆبوونەوەی دوێنێیە، کە دوو بەرنامەی کار مابوو ئەمڕۆ تەواویان دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا راپۆرتێکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان هەیە تایبەت بە پرۆژەکانی رێگاوبان و نیشتەجێبوون.

لەو راپۆرتەدا هۆکاری وەستان و بەردەوامی پرۆژەکان و کێشە و گرفتی رێگاوبانەکان و یەکەکانی نیشتەجێبوون ئامادەکراوە.

دوای خوێندنەوەی راپۆرتەکە و پرسیاری پەرلەمانتاران، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون وەڵامی پرسیار و تێبینی پەرلەمانتاران و راپۆرتی لیژنەکە دەداتەوە.

شەمۆڵ ئاشتی، ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە راپۆرتەکەدا گرفتەکانی رێگاوبان کە پەیوەندی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەیە، هەروەها بەشی دووەمی راپۆرتەکەش کە پەیوەندی بە یەکەکانی نیشتەجێبوون هەیە، ئەو یەکانەن کە ژمارەیان 72 یەکەی نیشتەجێبوونە و لە زۆربەی قەزا و پارێزگاکان بوونیان هەیە، دەخرێنەڕوو".

ناوبراو گوتیشی: "ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە لە ساڵانی رابردوو لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکران، بەڵام بەشێکیان بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن تێیاندا راگیرا بوو، بەشێکی دیکەشیان تەواو بوونە و تەنیا وەرگرتن و چەند خزمەتگوزاریەکی کەمی ماوە".