زانیاری نوێ سەبارەت بە دابەشکردنی بەنزینی حکومی

"رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزینی 690 دیناری و دوو ملیۆن لیتر بەنزینی 800 دیناری بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت"
بەنزینخانەیەك لە هەولێر
بەنزینخانەیەك لە هەولێر

K24 - هەولێر:

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت "رۆژانە 3 ملیۆن لیتر بەنزین دەخەینە بازاڕی هەرێمی کوردستانەوە"، ئەمە لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزینە.

رێبین زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، سەبارەت بە چۆنێتی دابەشکردنی بەنزین بەسەر پارێزگاکاندا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە مانگی هەشتی ساڵی 2021ـەوە لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق هەماهەنگیکرد بۆ دابیکردنی بەنزینی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کە ئەو کاتە وەزارەتی نەوتی عێراق رەزامەندی دا لەسەر ناردنی ملیۆنێك و هەشتا هەزار لیتر، بەڵام بەداخەوە دوای ماوەیەکی کەم پابەند نەبوون بە ناردنی ئەو بڕە و لە رۆژی دەستپێکردنیەوە کە 5/9/2021 دەستی پێکرد، تا ئەمڕۆ کە دەبوو نزیکەی 300 ملیۆن لیتر بەنزین بنێردرایە، لەو بڕە تەنیا 150 ملیۆن لیتر نێردراوە".

ناوبراو گوتیشی: "بەرهەمی ناوخۆی ئێمە رۆژانە یەك ملیۆن لیتر بووە، کە دابینکراوە بۆ کەرتی گواستنەوەی گشتی و بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت بەبێ جیاوازی و بەپێی پێویستی بەسەر پاریزگاکاندا دابەش دەکرێت و بە برخی 690 دینار بۆ لیترێک لە بەنزینخانەکان دەفرۆشرێت، رۆژانە 400 هەزار لیتر بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەڕوات و 400 هەزاریشی بۆ پارێزگای هەولێرە و 200 هەزار لیتریش بۆ پارێزگای دهۆکە".

رێبین زەنگەنە  ئاماژەی بەوەشدا، "دوابەدوای بڕیاری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی ژمارە 84ـی ئەنجومەنی وەزیران، بە راسپاردنی وەزیری سامانە سروشتییەکان، بە خستنەگەڕی تەواوی تواناکانی وەزارەت بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین، جگە لەو یەك ملیۆن لیترەی کە بە 690 دینار بە کەرتی گشتی دەدرێت، وەزارەت هەستا بە دابیکردنی 2 ملیۆن لیتری دیکە کە بە نرخی 800 دینار بەسەر پارێزگاکاندا بەبێ سیستمی تاک و جووت دابەشدەکرێت".