هه‌ڵوێستی توركمان و ئاشوورییه‌كان له‌ باره‌ی چوونه‌ ناو رێككه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان

به‌ره‌ی توركمانی: ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی سه‌ردانمان نه‌كه‌ن ئێمه‌ ناچینه‌ لایان
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/02183b5c-a8ff-46f1-91a6-8729bd3e64a4/rekawtnama%20u%20turkman%20u%20masihyakan.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

لایەنە توركمان و ئاشوورییەكانی ھەرێمی كوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ ھەموو جۆرە رێككەوتنامەیەك دەردەبڕن، ئەگەر بۆ باشتركردنی دۆخی سیاسی ھەرێمی كوردستان بێت، ھاوكات رەتیشی دەكەنەوە بەدەم ھەر بانگھێشتكردنێكەوە بچن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ سەكردایەتی ھاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان.

سەركردایەتی ھاوبەشی یەكێتی و گۆڕان، لە دەرگای بەشێكی زۆری حزبەكانیان داو و دەرگایان لێكرایەوە، بەڵام دیار نییە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ توركمان و لایەنە كریستیانه‌كان، لە دەرگای ئەوانیش دەدەن یاخود ئەوان داوەتی ماڵی خۆیان دەكەن.

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی دەڵێت: "ئەو ھەڵەیە ناكەین بۆ گفتوگۆكردن لەسەر رێككەوتنامەكەی ئەوان خۆمان بچینە لایان".

یەكێتی و گۆڕان لە 17 ی مانگی رابردوو له‌ ده‌باشان، رێككەوتنامەیەكیان لە نێوان خۆیاندا واژووكرد، دواتر سەركردایەتیەكی ھاوبەشیان بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنامەیە پێكھێنا، پێش ئەوەی بەندەكانی ڕێككەوتنامەكە لە نێوان خۆیاندا جێبەجێ بكەن، سەردانی حزبەكانی دیكەی كوردستان دەكەن، بۆ ئەوەی پشتیوانی لایەنەكان بۆ ڕێككەوتنامەكە بەدەست بێنن.

لایەنە ئاشوورییەكانی خۆیان بۆ ئەو دیدارە ئامادە كردووە.

لایەنە توركمانی و ئاشوورییەكانی باشووری كوردستان، بەردەوام گلەییان لە 5 لایەنە سەرەكییەكەی ھەرێمی كوردستان كردووە، كە لە پرسە گرنگەكاندا راوێژیان پێنەكراوە، ئەوان دەڵێن ئێستا كاتییەتی توركمان و ئاشوورییەكان لە پرسە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان قسەیان لێوەربگیرێت، ئەگەر ئەو قسەیە راستە كە دەگوترێ توركمان و ئاشوورییەكان بەشێكی گرنگی ھەرێمی كوردستانن.