بۆ یەکەمجار.. ئەنفلۆنزای باڵندە لەم شوێنە دەرکەوتەوە

"بوونی ئەنفلۆزای باڵندە لەم ناوچەیە جێی نیگەرانییە"
نەورەسێکی مردارەوەبوو
نەورەسێکی مردارەوەبوو

K24 - هەولێر:

نوسینگەی حکومەتی نەرویج لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە لە نەورەسێکی جەمسەری مردارەوەبوودا دۆزراوەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، کنوت مادسلین، بەرپرسێکی پەیمانگای ڤێتێرنەری نەرویج لەو بارەیەوە وتویەتی: "بوونی ئەنفلۆزای باڵندە لەم ناوچەیە جێی نیگەرانییە، چونکە ئەم هاوینە کۆمەڵێک باڵندەی کێوی لە دوورگەکاندا هێلکە دەکەن و وەرزی زاوزێیانە، ئەمەش مەترسیەکی گەورە لەسەر ژیانیان دروست دەکات".

نوسینگەی حکومەتی نەرویج راشیگەیاند، پەیمانگای ڤێرتەرنەریەکە لەو باوەڕەدایە کە ئەمە یەکەمجارە لەو ناوچەیە توشبووی ئەنفلۆنزای باڵندە بدۆزرێتەوە".

پێشتر حاڵەتەکانی ئەنفلۆنزای باڵندە لە باکووری ئەوروپا دەستنیشانکرابوون، لەنێویاندا لە دەرەوەی بازنەی جەمسەری باکوور، بەڵام ئەمە یەکەمجارە تووشبووی ئەو ڤایرۆسە لە جەمسەری باکوور بدۆزرێتەوە".

دوایین جار کە ئەنفلۆنزای باڵندە لە عێراق تۆمار کرا، نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا بوو کە ئەو کات حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاندبوو، هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەهۆی هاوردەکردنی باڵندە لە وڵاتانی دیکەوە بووە.