وه‌زیری په‌روه‌رده: بەچەند رێگەیەك سکیوریتی پرسیارەکان بەهێزکراون
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، تەنیا لە سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌م ئه‌وه كراوه، کە قوتابیان ئەو رۆژەی نمرەکانیان وەردەگرنەوە، دوای دوو کاتژمێر دەتوانن هەموو پەرەی سۆماکانیان ببیننەوە (پەرەی وەڵامەکان)، ئەوەی خۆی وەڵامی لەسەر داوەتەوە و پەنجەمۆری کردووە، لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو پڕۆسەیە تەنیا لەیەک دەوڵەت پیادە دەکرێت.
ئالان حه‌مه سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ماڵپه‌ڕی كوردستان24ـی راگه‌یاند، پڕۆسه‌ی بینینه‌وه‌ی نمره‌كانی قوتابیان بەتەواوی شەفافیەت و دادپەروەری جیبەجێدەکات، قوتابی جیا لەوەی وەڵامەکەی خۆی دەبینێتەوە، ئەوەشی بۆ دیاری دەکەین، کە چی راستە و چ پرسیارێکی هەڵە وەڵامداوەتەوە و راستەکەشی کامەیە.
وه‌زیری په‌روه‌رده ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، خزمەتگوزاریی دیجیتاڵیی پەروەردەیی لەم کابینەیە گەیشتووه‌ته لوتکە، بۆ یەکەمجارە پەڕەی سۆما (وەڵامدانەوە) وێنەی قوتابی لەسەرە، ئەمە ئاسانکاری دەکات بۆ پرۆسەکە و شەفافیەت و دادپەروەری بەدیدەهێنێت.
ئالان حه‌مه سه‌عید جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی 12 تەواو بوون، هۆڵەکانی ئەزموون جیاکراونەتەوە، ناسنامەی تاقیکردنەوە بۆ قوتابیان دروستکراوە و بۆ قوتابخانەکانیان نێردراوەتەوە.
هه‌روه‌ها وه‌زیری په‌روه‌رده دووپاتیكرده‌وه، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵان هەموو پرسیارێک دەگەڕێتەوە بۆ لیژنەی باڵای ئەزموونەکان لە وەزارەت هەر پەڕەیەکی سۆما پەڕەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی لەگەڵدا نەبێت؛ نمرەی ئەو قوتابییە ئەژمار ناکرێت.
وه‌زیری په‌روه‌رده گوتی: "بۆیەکەمجار هەر قوتابییەک ناوی تەواوی خۆی لەسەر پەڕەی پرسیارەکان هەیە، جگە لەوەی لەسەر پەڕەی سۆماش هەیە، بەچەند رێگەیەک سکیوریتی پرسیارەکان بەهێزکراون".
ده‌شڵێت: "کۆمپانیایه‌كی په‌یوه‌ندی بێبەرامبەر سیمکارت و باڵانسی بۆ هەموو بەڕێوەبەری هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابینکردووە، وەزارەتی پەروەردەش مۆبایلێکی ئاسایی بۆ بەڕێوەبەری هۆڵەکان دیاریکردووە، دەتوانرێت تەنیا ئەوە بەکاربهێنرێت، ژمارەی فیدەر و محاویلەی كاره‌بای هۆڵی ئەزمونەکان دراوە بە وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی و بەڕێوەبەرایەتی کارەبای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان".
وه‌زیری په‌روه‌رده گوتیشی: "هیچ جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لەناوهۆڵەکان وەک مۆبایل، تابلێت، کاتژمێری زیرەک، بلوتوس و هەموو ئەو ئامێرانەی دیکە کە هۆکارن بۆ گزیکردن، رێگەپێدراو نییە، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامێرانه لای قوتابی بێت بەگزی ئەژماردەکرێت، له‌لایه‌ن بەڕێوەبەر، یاریدەدەر، سەرپەرشتیار و چاودێریش بێت دەیخاتە بەردەم لێکۆڵینەوە.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پەروەردە گشتییەکانی پارێزگاکان چەندین لیژنە پێکدەهێنن لەسەر ئاستی پارێزگاکان، بۆ ئه‌وه‌ی سەردانی لەناکاوی هەر هۆڵێکی تاقیکردنەوە بکەن، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی رێکارەکان، ئەمە جیا لەوەی ئەرکێکی گرنگی سەرپەرشتیارانە، سەرپەرشتی تەواوی ئەو هۆڵانە بکەن، کە پێیان سپێردراوە، لە چوارچێوەی رێنماییەکان دەسەڵاتی تەواویان هەیە.
له‌لایه‌ن وه‌زیری په‌روه‌رده‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه كرا، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان سەرپەرشتی ژووری ئۆپەراسیۆن و هەماهەنگی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ده‌كه‌ن و کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوه، رێنمایی پێویستیان به نوێنەری گشت هێزە ئەمنییەکان لە سنووری ئیدارە و پارێزگاکانیان داوه.
وه‌زیری په‌روه‌رده باس له‌وه‌ش ده‌كات، بژمێری زانستی (حاسبە) بۆ هەموو قوتابیان نێردراوە، لە لایەن لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکان، 43 هەزار و 500 بژمێری نوێ و زیاتر لە 74 هەزار بژمێری ساڵی رابردووە بەر دەستە، پێویستە بەڕێوەبەری هۆڵ بۆ هەر قوتابییەک بژمێر دابین بكات.
وه‌زیری په‌روه‌رده گوتی: "لەبەر دۆخی گەرما و دروست نەبوونی قەرەباڵغی و ئاسان گەیشتنی مامۆستایان و قوتابیان بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، تاقیکردنەوەکان كاتژمێر 07:30 بەیانی ئەنجام دەدرێن، لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ (دووشەممە و پێنجشەممە) تاقیكردنه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، پێویستە قوتابیان پێش ئەو وادەیە لە هۆڵەکان ئامادەبن و بەڕێوەبەری هۆڵەکان و لیژنەی لقی ئەزمونەکان و بنکەکانی دابەشکردنی پرسیار بەجۆرێک پرسیارەکان دابەش بکەن، نە کاتەکەی زوو بێت و نە درەنگ بێت، وابێت بەڕێوەبەری هۆڵ 15 خولەک پێش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان تەواوی پرسیاری قوتابیانی هۆڵەکەی لابێت.
دواجار وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ماڵپه‌ڕی كوردستان24ـی راگه‌یاند، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا ساڵ بە ساڵ فراوانتر دەبێت، بۆ سەلامەتی پاراستنی پڕۆسەکە داوای راگیرانی هێڵەکانی ئینتەرنێت کراوە بۆ ماوه‌ی 8 رۆژ، نەک هەموو مانگەکە، به‌ڵام سرووشتی ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە بەو جۆرەیە، ئەو وڵاتانەش ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە ئەنجام دەدەن بەشی هەرە زۆریان هەمان رێکار دەگرنە بەر، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا هەماهەنگی هەیە، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە ئەمساڵ زووترین کات ئەنجامی خولی یەکەم و دووەم بدەینە وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە لە 10ـی 9ـی 2022 تێپه‌ڕ نه‌كات.
k.b