وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: رێگە نادەین رووسیا جیهان دووچاری برسێتی بکات

"لەگەڵ دۆستە نێودەوڵەتییەکانمان پێکەوە چاودێری هەنگاوەکانی رووسیا دەکەین"
ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، وێنە: AFP
ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالینا بێربۆک رایگەیاند، "ئێمە وەک وڵاتانی جی حەوت، رێگە نادەن رووسیا بەهۆی ئەو جەنگەی دژبە ئۆکرانیا هەڵیگیرساندووە جیهان دووچاری برسێتی بکات.

ئانالینا بێربۆک، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیدا لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی ئانتۆنی بلینکن، رایگەیاند: "پەیامی ئێمە وەک وڵاتانی جی حەوت روون و ئاشکرایە. رێگە نادەین رووسیا لە رێگەی ئەو جەنگەی هەڵیگیرساندووە جیهان بەرەو برسێتی ببات".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ ئەمەریکا پێکەوە هەنگاو دەنێن و گوتیشی: "لەگەڵ دۆستە نێودەوڵەتییەکانمان پێکەوە چاودێری هەنگاوەکانی رووسیا دەکەین کە لەڕێگەی دروستکردنی قەیرانی دانەوێڵەوە، هەموو وڵاتانی جیهانی دووچاری ناسەقامگیریی کردووە و بووەتە هۆی هەڵکشانی بەرچاوی نرخی خۆراک لە جیهاندا".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو وڵاتانەی خاوەنی پیشەسازییەکی بەهێزن، دژ بەو جەنگەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، هەڵیگیرساندووە، بەرپرسیارییەتییەکی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ.

لای خۆشییەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئانتۆنی بلینکن، ئیدانەی ئابڵوقەکانی رووسیای بۆسەر دانەوێڵە و بەرهەمە خۆراکییەکانی ئۆکراینای کرد و رایگەیاند: "یەکمان گرتووە بۆ داکۆکییکردن لە بەها هاوبەشەکانمان. لە پێناو بەرگرییکردن لە مافی مرۆڤ، دیموکراسی و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بووینەتە یەک".

بلینکن هاوکات سوپاسی ئەڵمانیای کرد کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی تایبەت بە ئاسایشی خۆراکی کردووە.

aa