دادگای باڵای ئەمەریکا مافی لەباربردنی منداڵی هەڵوەشاندەوە
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ هەینی 24ـی حوزەیرانی 2022، دادگای باڵای ئەمەریکا مافی دەستووری لەباربردنی منداڵی هەڵوەشاندەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە نیو سەدەیە بە دەستوور پارێزگاری لەم یاسایە کراوە و بووەتە پرسێك کە گەلی ئەمەریکای کردووە بە دوو بەشەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی فرانس24، دادگای باڵای ئەمریکا ئەمڕۆ کۆتایی بە مافی لەباربردنی منداڵ هێنا.
یاسای مافی لەباربردن کە بەناوی (Roe Vs wade) ناسراو بوو، ساڵی 1973 دەرکراوە و بە دەستوور مافی لەباربردنی کۆرپەی دەدایە ژنان، ئەمڕۆش دوای نزیکەی 50 ساڵ لەلایەن دادگای باڵای ئەو وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە، هاوکات دادگای باڵا جێبەجێکردنی یاساکە یان سنووردارکردنی دایە دەست ویالایەتەکان، وەک ساڵانی پێش دەرکردنی یاساکە.
پرسی لەباربردنی کۆرپە لە ئەمەریکا، نیو سەدەیە مشتومڕی لەسەرە و گەلی ئەمەریکای کردووە بە دوو بەشەوە، لەیەك کاتدا لایەنگر و دژی هەیە و هەردوولا بەجیا گردبوونە و خۆپیشاندانی لەسەر دەکەن.
ئەمجارەش راستەوخۆ دوای بڕیارەکە، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لەبەردەم دادگای باڵا لە واشنتن دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، هاوکات سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتەش کاردانەوەی گەورەیان بەرامبەر بە بڕیارەکە هەبوو.
لەو نێوەندەدا باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا لە تویتێکدا سەبارەت بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای مافی لەباربردنی منداڵ، گوتی: "ئەمڕۆ دادگای باڵا هێرشی کردە سەر سەرەتاییترین مافی ملیۆنان ئەمەریکی".
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشوو بە تویتێک پشتگیریی لە بڕیارەکە کرد و گوتی، "ئەمڕۆ ژیان بردیەوە، بە هەڵوەشاندنەوەی یاسەکە لەلایەن دادگای باڵاوە، ئەمەریکییەکان سەرەتایەکی دیکەیان پێدرا بۆ ژیان."
لەلایەکی دیکەوە نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەمڕۆ، دادگای باڵای توندڕەو ئەمریکییەکانی لە مافەکانیان بێبەشکرد و مەترسی خستەسەر تەندروستی و سەلامەتییان".
13 ویلایەت پێش بڕیارەکە یاسای قەدەخەکردنی لەباربردنیان دەرکردووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ دوای بڕیاری دادگا چالاکی بکەن، 10 ویلایەتی دیکەش دەگەڕێنەوە سەر یاسای قەدەخەکردنی لەباربردن کە پێش ساڵی 1973 هەیانبووە.
بەمەش ژنانی دانیشتووی ئەو ویلایەتانە بۆ لەباربردنی کۆرپەکانیان ناچار دەبن گەشت بکەن بۆ ئەو ویلایەتانەی کە لەباردبردن تێیدا رێگەپێدراوە، بەڵام بەهۆی زۆری تێچووی گەشتەوە، چالاکوانانی مافی ژنان باس لەوە دەکەن، بڕیارەکە کاریگەریەکی زۆری لەسەر ئەو ژنانە دەبێت کە باری داراییان سنووردارە.