ئۆکراینا دەبێتە پاڵێوراو لە یەکێتی ئەوروپا

بەهۆی مەترسی بۆ سەر ئابوورییەکەی رووسیا نایەوێت تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا بپچڕێنێت
یەکێتی ئەوروپا
یەکێتی ئەوروپا

K24 - مۆسکۆ

یەکیێتی ئەوروپا بڕیاریدا، ئۆکراینا و مالدیڤیا وەک دوو پاڵێوراو بۆ ناو یەکێتیەکەیان وەربگرن، ئەرگەچی 17ی حوزەیرانی ئەمساڵ، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، کە یەکێتی ئەوروپا رێکخراوێکی سیاسی و ئابورییە و کرێمل دژ بە ئەندامبوونی ئۆکراینا نییە لەم یەکێتییەدا، بەڵام چەند کاتژمێرێک دوای بڕیاری یەکێتییەکە بۆ وەرگرتنی ئۆکراینا، هەریەکە لە جێگرانی نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری رووسیا لە یەکێتی ئەوروپا، ئەم بڕیارەیان بەدوژمنکارانە ناوزەد کرد.

د. ئیقبال دیورە، شارەزای سیاسی لە مۆسکۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: "رووسیا ئێستا نیازی بە ئەوروپایەکە کە یەکگرتوو نەبێت، بۆیە هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی زیادبوونی ئەندام لە یەکێتییەکەدا لەلایەن مۆسکۆوە بە نەرێنی سەیری دەکرێت، لە باری ئۆکراینادا دۆخەکە خراپتریشە، لە ماوەی رابردووودا سەرکردەکانی ئەوروپا سەردانی کیڤیان کردو تەواوی لێدوانەکانیان لە رووسیا بە دژوار و هەڕەشەی توند وەرگیران، چونکە جەختی لەسەر زیادکردنی کۆمەکی سەربازی بۆ کیێڤ دەکردەوە، رووسیا پێیوایە کە ئەم کۆمەکانە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ناگۆڕێت، بەڵام رێژەی قوربانی لە هەردوو لا زیاد دەکات، لەکاتێکدا ئەوروپا هاوکاری سەربازی ئۆکراینا دەکات، هاوکات نەوت و غازی رووسیاش دەکڕێت، بۆیە رووسیا ناخوازێت ئەو پەیوەندییانە بە تەواوی تێکبچێت، چونکە زیانی گەورەی ئابوری بەردەکەوێت".

ئەگەرچی ئۆکراینا وەک پاڵیوراو بۆ ناو یەکێتی ئەوروپا وەرگیراوە، بەڵام ئەم رەوشەی ئێستا لە وڵاتەکەدا دەگوزەرێت، بارگرانیەکی تر بۆ یەکێتیەکە زیاد دەکات.

ڤلادیسلاڤ بێلۆڤ، جێگری سەرۆکی پەیمانگەی ئەوروپا لە مۆسکۆ بە کوردستان24ی گوت: "رووسیا لە هەندێ لە پارێزگاکانی ئۆکراینا دەمێنێتەوە و ئاکامەکەشی روون نییە، بەردەوام دەبێت لە پێداگری بۆ داننان بە دۆخی هەڵکەوتووی ئەو ناوچانەدا و یەکێتی ئەوروپا و ئۆکرایناش هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەیان دەدەن، ئەو ماوەیە دژوار دەگوزەرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵۆزییانە، من جارێ هیچ چارەسەرێک بەدیناکەم، رووسیا کێشەی نییە لەگەڵ وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت، ئەگەر پەیوەندییان لەگەڵ خۆراوادا هەبێت، بەڵام یەکێتی ئەوروپا مەرجی ئەوەیە کە ئەو وڵاتانە یان دەبێت لەگەڵ رووسیا هاوپەیمان بن یان لەگەڵ ئەواندا، لە سەردەمی ئەنگێڵا مێرکڵ دا هەوڵ هەبوو، بۆئەوەی کە ئۆکراینا سیاسەتێکی لەو چەشنەی هەبێت و لەگەڵ ڤڵادیمێر پوتن لە مشتومڕدا بوو، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دژی ئەمە بوو، ئەوەی کە ئێستا دەیبینین ئاکامی سەرکێشی ئەوروپا بوو".