کرێی وەرگرتنی منداڵ لە داینگە ئەهلییەكان دیاری ده‌كرێت

"داینگە ئەهلییەكان بەپێی ستاف و خزمەتگوزاری بەسەر 3 پلە پۆلین كراون"
كرێی وه‌رگرتنی منداڵ له‌ داینگه‌ ئه‌هلییه‌كان دیاری كرا
كرێی وه‌رگرتنی منداڵ له‌ داینگه‌ ئه‌هلییه‌كان دیاری كرا

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا کرێی وەرگرتنی منداڵی لە داینگە ئەهلییەكانی هەولێر دیاری كرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: کرێی داینگەكان بۆ وەگرتنی منداڵ لە سنووری هەولێر دیاری كرا، پێویستە سەرجەم داینگەكان پابەندی ئەو بڕیارە بن، كه‌ بەپێی ستاف و خزمەتگوزاری بەسەر 3 پلە پۆلین كراون.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر و عەبدولباست عەبدولسەمەد، بەڕێوەبەری بەشی داینگەكان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم داینگە ئەهلییەكانی هەولێر نوێترین رێنماییان ئاشكراكرد، كه‌ تێیدا کرێی وەرگرتنی منداڵ لە داینگەكانیش دیاری كراوه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كرا، لە كۆبوونەوەكه‌دا لە سەر بنەمای پەروەردە، تەندروستی، بینایە، ستاف، خواردن، چالاكی هونەری، وەرزشی و گواستنەوەی منداڵان، هەڵسەنگاندن بۆ داینگەكان كرا، بەمەیش پلەبەندی داینگەكان و دەستنیشان كردنی كرێی وەرگرتنی منداڵ لە لایەن لێژنەیەكی پسپۆڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بڕیاری لێدرا.

یوسف چاوشین باسی لەوە كرد، داینگەكان لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بەپێی ستاف و خزمەتگوزاری بەسەر 3 پلە پۆلین كراون، كرێی وەرگرتنی منداڵ لە داینگەكان بە پێی پلەبەندی و خاڵەكانی داینگەكان بەم شێوەیە دەبێت:

پلە یەك (90 - 100) خاڵ: 250 تا 300 هەزار دینار دەبێت.

پلە دوو (70 - 90) خاڵ: 150 تا 250 هەزار دینار دەبێت.

پلە سێ (50 - 70) خاڵ: 50 تا 150 هەزار دینار دەبێت.