هۆشیار زێباری: مووشه‌كبارانكردنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان فشارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم بخه‌نه‌سه‌ر ئه‌ژنۆ

"هێزه‌ میلیشیاكانی به‌غدا جیاوازی له‌ نێوان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن"
هۆشیار زێباری
هۆشیار زێباری

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، مووشه‌كبارانكردنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان، فشارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه‌سه‌ر ئه‌ژنۆ.

هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند، مووشه‌كبارانكردنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، ناحییه‌ی خه‌بات و كۆمه‌ڵگه‌ی كۆرمۆر له‌ ناحیه‌ی قادر كه‌ره‌م له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، هێزه‌ میلیشیاكانی به‌غدا جیاوازی له‌ نێوان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن.

هۆشیار زێباری له‌ تویته‌ر راشیگه‌یاند، ئامانج له‌ مووشه‌كبارانكردنی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌یه‌ چۆكدابده‌ین.

ماوه‌یه‌كه‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر به‌ مووشه‌ك ده‌كرێنه‌ ئامانج، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌یاننامه‌ فه‌رمییه‌كانی داوا ده‌كات به‌غدا رێگری له‌و هێرشانه‌ بكات.