هاتووچۆی سلێمانی چەند بڕیارێکی بۆ پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەرکرد

دەوامی چەند هۆبەیەک تا کاتژمێر 6ـی ئێوارە درێژ دەکرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە سبەینێ یەکشەممەوە دەوامی هۆبەکانی (بەشی تابلۆ، پشکنینی ئۆتۆمبیل – بەڕادەکان) تا کاتژمێر شەشی ئیوارە دەبێت و هێڵەکانی لێدان و پێوەکردنی تابلۆی نوێی تۆمبیل زیاد دەکەن.

لە راگەیەندراوێکیدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی (ئەمڕۆ 25ی حوزەیرانی 2022) دەڵێت، لەسەر هۆکاری قەرەباڵغی فەرمانگەکەیان و دواکەوتنی مامەڵەی هاووڵاتیان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان رێکخرا، بۆ ئەفسەرانی بەش و ھۆبەکانی (تابلۆ، پشکنینی بەڕاد، کارگێڕی، ئەندازە و راگەیاندن) بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ خێرا راییکردنی مامەڵەکانی هاوڵاتیان.

ئاماژە بەوەشدراوە، کە "بەشێوەیەکی گشتیی ھۆکارەکانی ئەو قەرەباڵغییە بۆ خواستی بەرچاوی ھاووڵاتیان دەگەڕێتەوە لەسەر بەدەستھێنانی تابلۆی نوێ و گۆڕینی ئارەزوومەندانەی بەشێکی شۆفێران بۆ گۆرینی تابلۆ کۆنەکانیان بە تابلۆی نوێ، لەگەڵ داوکاری زۆر و رۆژانە بۆ ئەو ژمارانەی کە رسوماتەکەی دوو ملیون دینارە، ھەروەھا لەو تۆتۆمبێلانەی کە کڕین و فرۆشتن پێوەدەکرێت و گواستنەوەی خاوەندارێتییان بۆ دەکرێت، بەدەر لەم راستییانەش بوونی موراجعیکی زۆر لەو ھاووڵاتیانەی دانیشتوی خوار و ناوەڕاستی عێراقن".

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، گۆڕەپانی پشکنینی تەنیشت بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بەردوام بێت لە کارەکانی، چونکە لەژێر چاودێری کامێرەکانی بەشی IT بەرێوەبەرایەتییەکەدایە و رێگری دەکات، لەئەگەری ھەرکارێکی نایاسای، هەروەها لە تاقیگەکانی پشکنین، ھەلومەرجی پێویست بۆ کارەکردنی ئەفسەران نییە.

بۆ خێراکردنی مامەڵەکانی هاوڵاتیانیش ئەم بڕیارانە دەرکران.

1- شەفتی کارکردنی ئەفسەران و کارمەندانی بەشی (تابلۆکان و ھۆبەی OPVT - ھۆبەی پشکنینی ئۆتۆمبیلەکان – بەڕادەکان) لە کۆتایی دەوام تا کاتژمێر 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، بە دوو ئەفسەر، دوو بەڕاد، دوو کارمەند.

2- زیادکردنی 10 کارمەندی لێکردنەوە و پێوەکردنی تابلۆی ئۆتۆمبیل.

3- زیادکردنی (ھێڵ – لەینی) لێدان و پێوەکردنی تابلۆی ئۆتۆمبیل لە چوار هێڵەوە بۆ شەش هێڵ.

4- زیادکردنی چاڵێکی دیکە بۆ پشکنینی ئۆتۆمبیل.

5- زیادکردنی ھێڵێکی دیکە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەی کاتین و ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە کاری گواستنەوەیان ھەیە، بۆ پارێزگاکانی دیکەی ناو ھەرێمی کوردستان .