جۆنسن: ترسم له‌وه‌یه كیێڤ راده‌ستی ئاشتییه‌كی خراپ بێت
K24 - هه‌ولێر:
دوای به‌رده‌وام بوونی جه‌نگی ئۆكرانیا بۆ ماوه‌ی 4 مانگ، هێزه‌كانی رووسیا له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌وه پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ترسی له‌وه هه‌یه كیێڤ به خۆی راده‌ستی ئاشتییه‌كی خراپ بكات.
بۆریس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 26ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022) رایگه‌یاند، ترسی له‌وه هه‌یه ئۆكرانیا له‌ژێر فشار به ئاشتییه‌كی خراپ رازی بێت.
جۆنسن راشیگه‌یاند، به‌هۆی كاریگه‌رییه خراپه‌كانی جه‌نگی ئۆكرانیا بۆ سه‌ر ئه‌وروپا، ترس له‌وه ده‌كرێت كیێڤ له ژێر فشاردا به ئاشتی رازی بكرێت.
سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی پێیان وایه ئه‌م جه‌نگه زه‌رووره‌ت نییه، ئه‌مه ئۆكرانییه‌كان هانده‌دات به ئاشتییه‌كی خراپ رازی بن.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "ده‌ره‌نجامه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ڤلادیمێر پوتن له به‌شێكی ئۆكرانیا، مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی درێژخایه‌نی جیهان هه‌یه و كاره‌ساتی ئابووری دروست ده‌كات".
ئه‌م هۆشدارییه‌ی جۆنسن دوای ئه‌وه دێت ژماره‌یه‌ك لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵده‌ده‌ن رووسیا و ئۆكرانیا له یه‌كتر نزیك بكه‌نه‌وه، كه ماوه‌ی 4 مانگه خه‌ریكی جه‌نگن.
هه‌ردوولا به‌هه‌زاران سه‌ربازیان لێكوژرا، جیا له خاپوور و وێرانكردنی شاره‌كانی ئۆكرانیا، به‌تایبه‌ت هه‌رێمی دۆنباس كه ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه شه‌ڕێكی خویناوی قورسی تێدا به‌ڕێوه ده‌چێت.