بە وێنە.. ماموسێک لە کانێکی ئاڵتووندا دۆزرایەوە

مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 30 هەزار ساڵ پێش ئێستا
پاشماوەی ماموسەکە
پاشماوەی ماموسەکە

K24 - هەولێر:

لە ناوچەیەکی خەڵکە رەسەنەکەی کەنەدا لە هەرێمی یوکۆن، کرێکارانی کانێکی ئاڵتوون ماموسێکی توکنی بە بەردبوویان دۆزیەوە.

وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری یوکۆن، رانج پۆلیا لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: ''یوکۆن هەمیشە بووەتە شوێنێکی بەناوبانگی نێودەوڵەتیی بۆ توێژینەوەکانی سەردەمی سەهۆڵبەندی و بێرینگیا. ئێمە بەو دۆزینەوە گرنگەی ماموسی توکاوییەکە دڵخۆشین''.

پاشماوەی ماموسەکە
پاشماوەی ماموسەکە

زانایانی بواری شوێنەوارناسی و جیۆلۆجیستەکانی زانکۆی کالگاری و پەیمانگای توێژینەوەی جیۆلۆجی یوکۆن کە دوای دۆزینەوەکە چوونە ناوچەکە و پشکنینیان بۆ ئەو ماموسە توکاویە کردووە، لەو باوەڕەدان ئەو ماموسە زیاتر لە 30 هەزار ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی سەهۆڵبەنداندا بەستوویەتی.

ئەو شوێنەی پاشماوەی ماموسەکەی لێ دۆزراوەتەوە
ئەو شوێنەی پاشماوەی ماموسەکەی لێ دۆزراوەتەوە

پسپۆڕان باس لەوە دەکەن ئەو ماموسە توکاویە لە مێینە دەچێت و هەمان قەبارەی کۆرپەی ماموسێکی توکاوی تەمەن 42 هەزار ساڵەی هەیە بە ناوی "لیوبا" کە لە ساڵی 2007 لە سیبریا دۆزرایەوە.

.

گرانت زازولا، زانایەکی بواری شوێنەوارناسی زانکۆی کالگاری، رایگەیاند: ''بینینی ماموسێکی توکاوی رووبەڕوو یەکێک بوو لەو شتانەی بە خەیاڵ بیرم لێدەکردەوە. ئەمڕۆ خەونەکەم هاتە دی. ماموسەکە زۆر جوانە و یەکێکە لە بێ کەموکوریترین ئاژەڵە بەسەهۆڵبووەکان کە تا ئێستا لە جیهاندا دۆزرابێتەوە''.

ماموسەکان کە لە خێزانی فیلەکانن و لە ئاوراسیا (کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا) و ئەمریکای باکووردا بوونیان هەبوو، لە ئێستادا لەناوچوون و نەماون.