میدیای نەرویج: گومانلێکراوی هێرشەکەی ئۆسلۆ کوردە

تەمەنی 42 ساڵە و پێشینەی تاوانی هەیە
ساتی دەستگیرکردنی گومانلێکراو، زانیار ماتاپور
ساتی دەستگیرکردنی گومانلێکراو، زانیار ماتاپور

K24 - هەولێر:

شەوی رابردوو 24/25ـی حوزەیرانی 2022، چەکدارێك لە نزیک یانەیەکی هاورەگەزخوازان لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دوو کەسی کوشت و 21 کەسی دیکەی بریندار کرد.   

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، دوای هێرشەکە پۆلیسی نەرویج کەسێکیان بە گومانی ئەنجامدانی "تیرۆری ئیسلامی" دەستگیرکردووە.

میدیاکانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، گومانلێکراوی سەرەکی هێرشەکە بە رەگەز کوردە و باوکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە منداڵیەوە هاتووەتە ئەو وڵاتە.

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "NRK"ـی نەرویجی، زانیار ماتاپور (42 ساڵ) گومانلێکراوی سەرەکی هێرشەکەی ئۆسلۆیە کە راستەوخۆ دوای هێرشەکە دەستگیرکراوە.  

رۆجەر بێرگ، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی نەرویج گوتی: "گومانلێکراوەکە مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ توندوتیژی و هەڕەشەکردن هەیە".

ئێن ئاڕ کەی لە زاری رۆجەر بێرگەوە باسی لەوە کرد، گومانلێکراوەکە مانگی رابردوو لەلایەن دەزگای هەواڵگری نەرویجەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە و ئەوان ئاگاداری ئەوە بوون کە زانیار "گرفتی دەروونی هەبووە".

کریستیان ئێلدن، پارێزەری زانیار ماتاپور گوتی: "زانیار راگیراوە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری دادوەریدایە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستی پێکردووە".

هەر سەبارەت بەو هێرشە، وێبسایتی VG بڵاویکردەوە، کە " گومانلێکراوە تەمەن 42 ساڵەکە پێشتر بە تۆمەتی کردەی توندوتیژی و هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر سزادراوە".

بۆ بینینی ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنەکەی جۆینی تیلیگرامی کوردستان24ببە..