لە کیێڤ دەنگی چوار تەقینەوە بیسترا

نزیکەی سێ هەفتەیە کیێڤ لەلایەن رووسیاوە بۆردومان نەکراوە
دیمەنیکی کیێڤ دوای بۆردومانکردنی لەلایەن رووسیاوە، وێنە: AFP
دیمەنیکی کیێڤ دوای بۆردومانکردنی لەلایەن رووسیاوە، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی حوزەیرانی 2022، لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەنگی چوار تەقینەوە بیسترا کە دەگوترێت بەشێك لە تەقینەوەکان ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی کردووەتە ئامانج.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، تەقینەوەکان لە دەوروبەری کاتژمێر 6:30 روویانداوە و دوای یەك کاتژمێر و نیو زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان لە پایتەخت لێدراوە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەك سەبارەت زیانە گیانیەکان نییە، ئەم تەقینەوانە لە کاتێکدایە کە نزیکەی سێ هەفتەیە کیێڤ لەلایەن رووسیاوە بۆردومان نەکراوە.

حاکمی کیێڤ، ڤیتالی کلیچکۆ لە تیلیگرام رایگەیاند، "چەند تەقینەوەیەک لە ناوچەی شێڤچێنکیڤسکی روویاندا، ئەمبوڵانس و فریاگوزارەکان گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە. لە دوو باڵەخانەدا رزگارکردن و چۆڵکردنی دانیشتووان بەردەوامە".

لە کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵدا، رۆژنامەنووسێکی رادیۆی ئازادی لەئاکامی هێرشی مووشەکی هێزەکانی رووسیا بۆ سەر ئەپارتمانەکەی کوژرا.