"ئەمساڵ عێراق 1.8 ملیۆن تۆن برنج هاوردەدەکات"

فاو: ساڵانە هەر هاووڵاتییەکی عێراقی 37 کیلۆگرام برنج دەخوات
برنج
برنج

K24 - هه‌ولێر:

رێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە فاو پێشبینی دەکات، ئەمساڵ عێراق ملیۆنێك و 800 هەزار تۆن برنج هاوردە بکات و پشکی هەر تاکێکیش بۆ برنج 37 کیلۆگرام دەبێت لە ساڵێکدا.

ئەو رێکخراوە لە نوێترین راپۆرتیدا کە لە مانگی حوزەیران بڵاویکردووەتەوە، پێشبینییەکانی خۆی لەبارەی بەکاربردنی تاکی عێراق بۆ برنج خستووەتەڕوو. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، خواستی عێراق لە 900 هەزاری ساڵی رابردوو بۆ 1.8 ملیۆن تۆن لەماڵدا بەرزبووەتەوە.

رێکخراوی فاو ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی نەبوونی داتای پێویست لەبارەی زەوی چێندراو بە برنج لە عێراقدا ناتوانن قەبارەی بەرهەمی ئەمساڵی بخەمڵێنن، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا قەبارەی بەرهەمهێنانی برنج 300 هەزار تۆن بووە بۆ هەر ساڵێك.

برنج بە خواردنێكی سەرەکی رۆژانەی تاکی عێراقی دادەندرێت و لە پسوولەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانیش دابەش دەکرێت، هەروەها برنجی عەنبەر یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی برنج لەسەر ئاستی جیهان و لە عێراق دەچێندرێت، بەڵام بەهۆی بەبیابانبوون و کەمی ئاستی ئاوی سەرزەوی، بەشێوەیەکی بەرچاو کشتوکاڵکردنی برنجی لە نێوبردووە.