سەرکردەی وڵاتانی G7 بۆ تاوتوێکردنی قەیرانەکانی جیهان لە باڤاریا کۆدەبنەوە

هەزاران پۆلیس و کارمەندی هێزە ئەمنیەکان لە باڤاریا بڵاوەیان پێکراوە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی حوزەیرانی 2022، کۆبوونەوەی سەرکردەی وڵاتانی جی حەوت لە قەڵای ئێلماو لە پارێزگای باڤاریای باشووری ئەڵمانیا دەستپێدەکات.

هەریەك لە سه‌ركرده‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ گروپی (G7) (ئەمەریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ژاپۆن، کەنەدا، بەریتانیا و ئیتاڵیا) لە باڤاریا، ئاسایشی خۆراک و گۆڕانی کەشوهەوا و بابەتە هەستیارەکانی دیکە کە لە جەنگی ئۆکرانیاوە جیهان پێیدا تێپەڕیووە تاووتوێ دەکەن.

بەهۆی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتییان دژی جەنگی ئۆکرانیا و پرسە جیهانی و هەرێمیەکانی دیکە، هەزاران پۆلیس و کارمەندی هێزە ئەمنیەکان لە باڤاریا بڵاوەیان پێکراوە، بەمەبەستی پارستنی ئاسایشی ناوچەکە تا کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکان، کە تا رۆژی سێشەممە دەخایێنن.

لەلایەکی دیکەوە، پێش کۆبوونەوەی وڵاتانی G7 هەریەك لە ئەمەریکا و بەریتانیا و کەنەدا و ژاپۆن هاورەدەکردنی زێڕیان لە رووسیاوە قەدەغە کرد کە کاریگەری گەورەی لەسەر بەهاکەی دەبێت لە بازاڕەکانی جیهاندا.