ئەمەریکا: پشتیوانی لە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەکەین

بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کوالێتی زۆر بەرزە
رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان
رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پشتیوانی لە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێ: بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کوالێتی زۆر بەرزە.

رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی بەرهەمی ناوخۆی کشتوکاڵی لە هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "لە ماوەی کارکردن لە هەرێمی کوردستان هەوڵمداوە تەنها لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت کۆنەبمەوە، بەڵکو چاوم بە هاووڵاتییانی دیکەش بکەوێت، بەتایبەتی قسەکردن لەگەڵ کەرتی تایبەت زۆر گرنگە، کاتێک لەگەڵ دا‌هێنەرەکان دادەنیشم زۆر گەشبینم، هەرێمی کوردستان پێویستی بەو جۆرە توانایانە هەیە، کەرتی تایبەت باش بێت دەتوانێت هاوکاربێت بۆ پەرەپیدانی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئەمەریکا ئەوەیە سەرنج دەداتە سەر کشتوکاڵ، دڵخۆشم کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمەکە ببینم کە خەڵک تەنها بەرهەمی ناوخۆی بکڕێت، بەرهەمی ناوخۆی کوردستان کوالێتیان زۆر بەرزە".

کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر، ئاماژەی بەوەشدا: "کشتوکاڵ زۆر گرنگە بۆ هەلی کار و بزوێنەری ئابووری هەرێمی کوردستانە، کشتوکاڵ زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆراک هەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی شارەکان دەژین".

راشیگەیاند: "دڵخۆشم کە ئێمە وەک ئەمەریکا پشتیوانی لەو جۆرە ئیڤێنتانە دەکەین و هەوڵدەدەنین جووتیاران لە یەکتر جیابکەینەوە و کارسازەکان هەمووان پێکەوە کار بکەن، بۆ ئەوەی هەلی زیاتر هەبێت بۆ پێشوەچوونی کەرتی کشتوکاڵ".