پشدەر.. شۆفێرێک تایەی شۆفڵی پێدا تەقی و گیان لەدەست دا

K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا هاووڵاتیەک لە ناحیەی سەنگەسەر - قەزای پشدەر (قەڵادزێ) بەهۆی تەقینی تایەی شۆفڵەکەی پیایدا گیانی لەدەستدا.
لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی راپەڕیندا هاتووە، دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانی بنکەی پۆلیسی سەنگەسەر گەیشتونەتە شوێنی مەبەست، ئەو هاووڵاتیە بەناوی (م . هـ . س ) رەگەزی نێر، لەدایک بووی ساڵی 1953، پیشەی کاسب، دانیشتووی گوندی بەستەستێن، لە ئەنجامی ئیشکردن لە شۆفڵ، یەکێک لە تایەکانی شۆفڵەکەی پێدا تەقیووە و بەو هۆیەوە بە سەختی بریندار بووە دواتر لەبەر سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی و توێکاری جەستەیی تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کرایەوە، هاوکات دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە رێکخراوە.