وڵاتانی (جی 7) بە 600 میلیار دۆلار رکابەریی پڕۆژەیەکی چین دەکەن

زیاتر لە 100 وڵاتی تووشی "داوی قەزر"ی چین بوونە

K24- 

حەوت وڵاتی پێشکەوتوو و پیشەسازیی جیهان ناسراو بە (جی 7) بەڵێنیاندا بۆ رکابەریی پڕۆژەی "پلانی پشتێنە و رێگە"ی چین، لە ماوەی پێنج ساڵدا بە بڕی 600 میلیار دۆلار وەبەرهێنان لە پڕۆژە نێودەوڵەتییەکاندا بکەن.

ئامانجی پڕۆژەی "پلانی پشتێنە و رێگە"ی چین کە ساڵی 2013 دەستیپێکرد، زیندووکردنەوەی رێگەی کۆنی "ئاوریشم"ـەو بڕیارە بە بڕی یەک تریلیۆن و 300 میلیار دۆلار لە ژێرخانی رێگەوبان و وزەی وڵاتاندا وەبەرهێنانی تێدا بکرێ.

سەرەڕای ئەوەی چین لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا هیچ وەبەرهێنانێکی لە ئێراندا نەکردووە، بەڵام تا ئێستا 800 میلیار دۆلاری لە چەند وڵاتێک و بە تایبەت لە پاکستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست خەرج کردووە.

یەکێتی ئەورووپاش ساڵی رابردوو بۆ رکابەری لەگەڵ پڕۆژەی "پلانی پشتێنە و رێگە"ی چین، پلانێکی بە بوودجەی 300 میلیار دۆلار پەسند کرد.

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە کۆبوونەوە و بڕیارەکەی رۆژی یەکشەممەی رابردووی (جی7) گوتی: لەو 600 میلیارد دۆلارە، بڕی 200 میلیار دۆلاری لەلایەن حکومەت و کەرتی تایبەتی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی هەژار و لە قۆناغی گەشەدا تەرخان دەکرێ. ئەمە کارێکی خێرخوازی نییە و هەموو لایەنەکان لێی سوودمەند دەبن.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: تەرخان کردنی ئەو بڕە پارانە، گوزارشت لە قازانجی هاوکاری لەگەڵ دیموکراسیی جیهان دەکات.

نەخشەی رێگەی کۆنی
نەخشەی رێگەی کۆنی "ئاوریشم"ی چین

"داوی قەرز"ی چین

ئەم قسانەی بایدن وەک توانجێکە لە چین بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئەو زانیاریانەی باس لە "داوی قەرز"ی چین دەکەن.

"داوی قەرز" بەو قەرزانە دەگوترێت، کە چین بە شێوەی "شاراوە و بەبێ بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی" بە وڵاتانی هەژار یان لە قۆناغی گەشە دەدات و ئەگەریش توانای دانەوەیان نەبوو، دەست بە سەر داهات و ژێرخانی ئەو وڵاتانەدا دەگرێ. قەرزی 361 میلیۆن دۆلاریی سریلانکا لە ئەگزیم بانکی چین و راکێشانی دوو کۆمپانیای چینی بۆ پەرەپێدانی بەندەری هامبانتاتو، یەک لەو نموونانەیە. سریلانکا نەیتوانی قەرزەکەی چین بداتەوە و دواجار لە ساڵی 2017 و بۆ ماوەی 99 ساڵ، بەندەری هامبانتاتو بە کرێ بە حکومەتی چین دا. ئەو قەرزە بە "داوی قەرز" ناسراوە.

تا ئێستا لە ناو میدیا و ناوەندە زانستییەکاندا باس لە دەیان قەرزی لەو جۆرە کراوە کە بە هۆیانەوە هەر لە تاجیکستانەوە تا ئەفریقیا، ناچاربوونە سامانەکەیان بە چین بدەن. ڤێنزوێلا یەکێکی دیکە لەو نموونانەیە کە لە بەرانبەر وەرگرتنی قەرز، نەوتەکەی بە چین پێشفرۆش کردووە. ئێرانیش رێکەوتنێکی هاوکاریی 25 ساڵەی لەگەڵ چین ئیمزا کردووە، بەڵام تا ئێستا ناوەڕۆکەکەی بە نهێنی ماوەتەوە.

سریلانکا نەیتوانی قەرزەکەی چین بداتەوە و بۆ ماوەی 99 ساڵ، بەندەری هامبانتاتو بە کرێ بە حکومەتی چین دا
سریلانکا نەیتوانی قەرزەکەی چین بداتەوە و بۆ ماوەی 99 ساڵ، بەندەری هامبانتاتو بە کرێ بە حکومەتی چین دا

"پلانی پشتێنە و رێگە"، وەبەرهێنان لە 100 وڵات

ساڵی رابردوو هەفتەنامەی "ئیشپیگڵ"ی ئەڵمانی، لێکۆڵینەوەی لەبارەی زیاتر لە 100 قەرزی چین کرد کە هەموویان نهێنی بوونە و ئەو وڵاتانەی وەریان گرتووە پابەندکراون بەوەی هیچ شتێک لەبارەیەوە نەدرکێنن. لە راپۆرتی هەفتەنامەکەدا هاتووە کە تەنانەت چین لە رێگەی قەرزەکانییەوە وڵاتانی دیکەی ناچار کردووە، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا پشتگیری سیاسی لە پەکین بکەن.

جۆو بایدن، رۆژی یەکشەممەی رابردوو رایگەیاند، سەدان میلیار دۆلار لە رێگەی بانک و سندووقی وڵاتانی پێشکەوتوو، بۆ وڵاتانی هەژار و لە قۆناغی گەشەدا تەرخان دەکرێ و هەموو لایەنەکانیش قازانجی لێدەکەن.

یەکێتی ئەورووپاش باسی لە تەرخان کردنی 300 میلیار دۆلار کردووە. تا ئێستا وڵاتانی ئیتالیا، کەنەدا و ژاپۆن باسیان لە پلانی جێگرەوەی خۆیان بۆ "پلانی پشتێنە و رێگە"ی چین کردووە و وڵاتانی (جی 7)یش پشتگیری لەو پلانانە دەکەن.