به‌هۆی ته‌قینی تانكه‌رێكی گازی ژه‌هراوی مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌واوی دانیشتوانی شارێكی ئوردن دروستبووه
K24- هه‌ولێر:
به‌هۆی ته‌قینی تانكه‌رێك له به‌نده‌ری شاری عه‌قه‌به له وڵاتی ئوردن، مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌واوی دانیشتوانی ئه‌و شاره دروستبووه و وێڕای لێدانی زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه بۆ دانیشتوانی شاره‌كه، هێزه‌كانی پۆلیس هۆشدارییه‌كی به‌په‌له‌یان داوه‌ته خه‌ڵك و داوایان لێ ده‌كات، ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كانیان دابخه‌ن و له ماڵه‌كانیان نه‌هێنه ده‌ره‌وه.
گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كاتی ته‌قینه‌وه‌ی تانكه‌ره‌كه‌ش له میدیاكان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه، كه ئه‌و تانكه‌ره له‌كاتی گواستنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن به‌رزكه‌ره‌وه‌یه‌كه‌وه له‌سه‌ر كه‌شتییه‌ك ده‌كه‌وێته خواره‌وه و تانكه‌ره‌كه ده‌ته‌قێته‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵی ئوردنی "به‌ترا" بڵاویكرده‌وه، ناوه‌ندی نیشتمانی بۆ ئاسایش و ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كان داوای له دانیشتوانی عه‌قه‌به كردووه، قه‌ره‌باڵغی له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كان دروست نه‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی تیمه‌كانی فریاگوزاری بتوانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخكه‌دا بكه‌ن، كه له ئه‌نجامی بڵاوبوونه‌وه‌ی گازی ژه‌هراوی له به‌نده‌ری عه‌قه‌به هاتووه‌ته ئاراوه.
ناوه‌نده‌كه دووپاتیكرده‌وه، ئۆكسجینی پێویستییان له نه‌خۆشخانه‌كان له‌به‌رده‌سته و كارمه‌ندی ته‌ندروستی زیاتریش ده‌گوازنه‌وه نه‌خۆشخانه‌كانی سنووری ئه‌و شاره.
لای خۆشیه‌وه ئه‌مینداری گشتیی شانشینی ئوردن رایگه‌یاند، تا ئێستا به‌هۆی دزه‌كردنی گازه‌كه، به‌لایه‌نی كه‌م 10 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 251ی دیكه‌ش به‌ر كاریگه‌ری گازه ژه‌هراوییه‌كه كه‌وتوون و دۆخی ته‌ندروستی ژماره‌یه‌كیان ناجێگیره.
گوته‌بێژی میدیایی به ناوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مینداری گشتی گوتی: تا ئێستا پسپۆڕان و تیمه‌كانی تایبه‌ت به مادده مه‌ترسیداره‌كان له به‌رگری شارستانی خه‌ریكی گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویستن بۆ ئه‌و رووداوه.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كان، ئه‌و گازه‌ی له‌ناو تانكه‌ره‌كه‌دا بوو، گازی "دوانه كلۆری شلكراو" بوو، كه به گازێكی قورس و ژه‌هراوی داده‌نرێت.
H.B