سەرۆکایەتی هەرێم له‌گه‌ڵ مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبەکان کۆدەبێته‌وه‌

"ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی لێژنەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە"
بینای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان
بینای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

بڕیارە سبەی سێشەممە 28ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022، مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبە خاوەن کورسییەکانی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان کۆببنەوە.

کۆبوونەوەکە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت و مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات.

بە گوێره‌ی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 له‌ هه‌ولێر، لە کۆبوونەوەکەدا مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبەکان، سەرنج و بۆچوونەکانی خۆیان لەبەرامبەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و هەمواردکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران لە راپۆرتێکدا دەخەنە بەردەم لێژنە تایبەتەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی لێژنەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبەکان.

بڕیاروایە بۆچوونی حزبەکان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکرێتە رەشنووسێک و بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی حزبە سیاسییە کوردستانییەکان لە سەرەتای مانگی داهاتوو.