سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید: په‌كه‌كه‌ رێكخراوێكی تیرۆرستییه‌

"سوید هیچ کات پەناگەیەکی ئارام نەبووە و نابێت بۆ تیرۆریستان"

K24- هه‌ولێر:

سەرۆك وەزیرانی سوید رایگەیاند، پەکەکە لە سوید وەك رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و لەرێگەی یاساوە کار لەسەر رادەستکردنەوەی ئەو کەسانە دەکەین، كه‌ تورکیا داوای کردوون.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سکرتێری گستی ناتۆ لە برۆکسل، ماگدەلینا ئەندێرسن، سەرۆك وەزیرانی سوید گوتی: یاساکانمان دژی تیرۆر توندکردوون و هەمواری دەستووریش ئامادەیە و رێگە نادەین سوید ببێتە پەناگەی تیرۆرستان.

ماگده‌لینا ئه‌ندێرسن له‌ درێژه‌ی گوته‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "تورکیا چەند پرسیارێکی ورژوواندوە لەبەردەم داواکارییەکەی سوید و فینلەندا بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ، ئێستا خواستی ئێمە ئەوەیە بگەێنە تێگەیشتنێك لەسەر ئەو نیگەرانیانەی تورکیا، رۆژی شەممە گفتوگۆیەکی باش و ئەرێنم لەگەڵ سەرۆك ئەردۆغان هەبوو".

گوتیشی: "ئەمڕۆ لە برۆکسل بەرپرسانی تورکیا، سوید و فینلاند لە برۆکسل کۆبوونەتەوە. هیوادارم پێش بەڕێوەچوونی لوتکەی ناتۆ لە مەدرید ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و پرۆسەی بوونە ئەندام لە ناتۆ بەردەوام بێت".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ده‌مه‌وێت بەڕوونی بیڵێم: سوید وەك ئەندامی ناتۆ لە داهاتوو بەشدار دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ناتۆ بەگشتی بە تورکیاشەوە".

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، "هەڵوێستی ئێمە لەبارەی پەکەکە زۆر روونە، پەکەکە لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپادایە و لە سویدیش وەك تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لە ساڵی رابردوو چەندین جار یاساکانمان بۆ رێگریکردن لە پارەدارکردنی تیرۆر توندتر کردوون. گۆڕانکاری لە یاساکانی پەیوەست بە تیرۆر دەکەین، بەشێوەیەك له‌ 30 ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە. جیالەوەش هەمواری دەستوور ئامادەکراوە و سزای توند بۆ ئەو کەسانەی هاوکاری تیرۆر دەکەن دیاریکراوە".

روونیشیكرده‌وه‌، "نابێ گومان لەوە بکرێت سویدیش وەك وڵاتانی دیکەی ناتۆ دژی تیرۆریزمە. یەکێك لە نیگەرانیەکانی تورکیا وەڵامدانەویە ئێمە بووە تایبەت بە رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی تورکیا داوایکردوون، ئەم بابەتەمان رادەستی لایەنی یاسایی سوید کردوون، بۆئەوەی بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و لە سوید دەربکرێن. سوید هیچ کات پەناگەیەکی ئارام نەبووە و نابێت بۆ تیرۆریستان".

H.B