هاوپه‌یمانان: لەپشتیوانی و هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبین

"جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش تاووتوێكرا"
پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ سه‌نگه‌ردا
پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ سه‌نگه‌ردا

K24- هه‌ولێر:

وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای كرد، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و بەرپرسی راوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق پرسی دوایین جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، رووبەڕووبوونەوە و لە ناوبردنیان لە تەواوی ناوچەکە تاوتوێكرد.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و  ژەنەڕاڵ دۆسێج، بەرپرسی راوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و کۆڵۆنێڵ بۆڵس، بەرپرسی دەستەی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەولێر، لەبارەی دوایین هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە پڕۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکان و پڕۆسەی چاکسازی گفتوگۆیانكرد.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند، پرسی دوایین جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، رووبەڕووبوونەوە و لە ناوبردنیان لە تەواوی ناوچەکە، بە هەماهەنگی سوپای عێراق لەرێگەی ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، تاووتوێكران.

وەزیری پێشمەرگە، وێڕای ستایشی تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانان، کە هەمیشە پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگەن، رایگەیاند، پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و لەم پێناوەشدا هەوڵەکان چڕ کراونه‌ته‌وه‌، توانراوه‌ گۆڕانکاری زۆر لە بوارەکانی سەربازی و ئیداریدا بكرێت.

لەلای خۆیەوە، ژەنەڕاڵ دۆسێج، خۆشحاڵی خۆی بۆ پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ده‌ربڕی، هەروەها باسی لە هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی ماوەی رابردوو کرد، کە بۆتە جێگەی سەرنج و دڵخۆشی ئەوان، راشیگەیاند، هیوادارین وەزارەتی پێشمەرگە، بەردەوام بێت و لەم پێناوەدا پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە، (هه‌روه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا هاتووه‌).

لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌
لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌