وردەکاری ئازادکردنی سلێمانی هەڵشۆیی دەخرێتەڕوو

بڕی پارەی کەفالەتی سلێمان هەڵشۆیی 155 ملیۆن دینارە
سلێمان ھەڵشۆیی
سلێمان ھەڵشۆیی

K24 – رانیە

لە 19ی ئەم مانگەوە دادگا بڕیاری ئازادکردنی سلێمانی هەڵشۆیی داوە بە کەفالەت، دوای ئامادەکردنی کەفالەت دوێنێ ئازاد کرا.

موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە سەرەتای دەستگیکردنی سلێمانی هەڵشۆیی و هاوبەشەکانی زیاتر لە هەزار سکاڵا تۆمار کرا و 93 تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر راگیران لەو ژمارەیە 27یان مەلەفی لێکۆڵینەوەیان بە روودا ماوەتەوە کە سلێمانی هەڵشۆیی لەگەڵ دایە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەگوێرەی ئەو سكاڵایانەی تۆمارکراون کە بەهۆی مامەڵە کڕین و فرۆشتنە بڕی پارەکە هەزار  523 دەفتەر دۆلارە".

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، روونیکردەوە: "رۆژی 19/6/2022، دادگا بڕیاریدا سلێمان هەڵشۆیی بە کەفالەتی 155 ملیۆن دینار ئازاد بکرێت و 7 کەس بوونەتە کەفیل، لێکۆڵینەوە لەو دۆسیە بەردەوامە و سکاڵاکان تەنها لەسەر سلێمان هەڵشۆیی نییە، بەڵکو 26 تۆمەتباری دیکەش سکاڵایان لەسەرە، تۆمەتبارەکانی دیکەش بڕی کەفالەتەکەیان لەنێوان 3 ملیۆن ینار تا 30 ملیۆن، هەندێکیشیان 150 ملیۆن دینارە".

سلێمان ھەڵشۆیی، دانیشتووی دەڤەری راپەڕینە و پێشتر مامەڵەی بە وادە لەگەڵ ژمارەیەك ھاووڵاتی كردووە و وەك بازرگان لە ناوچەكە ناسراوە، لە 18/12/2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و ھەندێك لەو كەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ كردبوو چوونە سەر ماڵەكەی، دواتر و چەند كەسێكیش لە رێگەی میدیاكان بڕی قەرزەكانیان لای سلێمان ئاشكرا كرد و دوای تۆمار کردنی سکاڵا لەلایەن پۆلیس دەستگیرکرا.