وەزارەتى خوێندنى باڵا له‌سه‌ر په‌لاماردانی دوو مامۆستای زانكۆ هاته‌ ده‌نگ

"لەپێناو سەروەرى یاسا و پاراستنى حەرەمى زانکۆکان هەموو رێکارێکى یاسایی دەگرینە بەر"
باڵه‌خانه‌ی دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی
باڵه‌خانه‌ی دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌ركۆنه‌ی په‌لاماردانی دوو مامۆستای زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددینی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لەپێناو سەروەرى یاسا و پاراستنى حەرەمى زانکۆکان هەموو رێکارێکى یاسایی دەگرینە بەر.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هاتووه‌: بەداخ و نیگەرانییەکى زۆرەوه‌ سەرلەبەیانى ئەمڕۆ سێشەمە لە رووداوێکى نەخوازراو و چاوەڕوان نەکراودا، لە کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین – هەولێر، یەکێک لە قوتابیەکانى بەشى یاسا بە چەک هێرش دەکاتە سەر حەرەمى زانکۆ.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، له‌ ئەنجامی هێرشه‌كه‌دا (د. کاوان ئیسماعیل)، ڕاگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین و (د. ئیدریس حەمەخان) مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەدین شەهید دەبن و یەکێک لە کارمەندەکانیش بریندار دەکات.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى روونیكرده‌وه‌، لە کاتێکدا بە بەتوندى ئیدانەى ئەم جۆرە دەست درێژیانە دەکات، لەپێناو سەروەرى یاسا و پاراستنى حەرەمى زانکۆکان، هەموو رێکارێکى یاسایی دەگرینە بەر، هیواشمان وایە هەموو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتى ئەکادیمى زانکۆکان پێکەوە هەماهەنگ بن بۆ ئەوەى بەرپرس بین و نەهێڵین ئەم دیارەدە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمى زانکۆکانمان و پەرەبسێنێت.

به‌ربه‌یانی ئه‌مڕۆ قوتابییه‌ك كه‌ پێشتر له‌ زانكۆی سۆران كێشه‌ی هه‌بووه‌ و ده‌ركراوه‌، هه‌وڵی داوه‌ ره‌زامه‌ندی گواستنه‌وه‌ی بۆ كۆلیژی یاسای زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین وه‌ربگرێت، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی رێنماییه‌كان كاره‌كه‌ی بۆ نه‌كراوه‌، ئه‌ویش چه‌ند جارێك هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ د. كاوان كردووه‌ و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌ 5 فیشه‌ك راگری كۆلیژی یاسا و كارمه‌ندێكی پرسگه‌كه‌ی بریندار كرد، دواتر د. كاوان له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

هاوكات قوتابییه‌كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ په‌لاماری ماڵی د. ئیدریس حه‌مه‌خان، مامۆستای كۆلیژی ئه‌ندازیاری داوه‌ و كوشتوویه‌تی، سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، د. ئیدریس هاوسه‌ری ئه‌و مامۆستا ژنه‌یه‌، كه‌ قوتابییه‌كه‌ له‌ زانكۆی سۆران كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌بووه‌.