توركیا ده‌روازه‌ی سنووری سه‌رزێڕێی به‌ڕووی هاووڵاتیاندا داخست
K24- كانی ماسێ:
دوای كورژرانی سه‌ربازێكی توركیا له نزیك ده‌روازه‌ی سنووری سه‌رزێرێی نێوان هه‌رێمی كوردستان و باكووری كوردستان، توركیا ئه‌و ده‌روازیه‌ی به‌ڕووی هاووڵاتیانی هه‌ردوو دیوه‌كه‌دا داخست.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ده‌روازه‌ی سنووری سه‌رزێڕێ تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی: له كاتژمێر 12:00ی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، توركیا ده‌روازه‌كه‌ی داخستووه و تا ئێستاش به داخراوی ماوه‌ته‌وه.
گوتیشی: ئه‌و بڕیاره‌ی توركیا دوای ئه‌وه بوو، كه سه‌ربازێكی توركیا له نزیك ده‌روازه‌كه كه‌وتووه‌ته بۆسه‌یه‌كی چه‌كدارانی په‌كه‌كه و كوژراوه.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كیش كه به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانیكردنی كه‌سوكاره‌كانیان له دیوی باكووری كوردستان روویان له‌و ده‌روازه‌یه كردبوو، به كوردستان24ـیان راگه‌یاند، به‌هۆی داخستنی ده‌روازه‌كه له دیوی توركیا، رێگه‌یان چوونیان پێنه‌دراوه.
یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كان گوتی: ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیان به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانیكردنی كه‌وكاره‌كانیان گه‌یشتبوونه ئه‌و ده‌روازه‌یه و دوای مانه‌وه‌یان بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك له چاوه‌ڕوانی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه، نه‌یانتوانی بپه‌ڕنه‌وه دیوی باكووری كوردستان، بۆیه ناچاربوون بگه‌ڕێنه‌وه.
ده‌روازه‌ی سنووری سه‌رزێڕێ ده‌كه‌وێته سنووری ناحیه‌ی كانی ماسێی سه‌ر به قه‌زای ئامێدی و به‌هۆی خزمایه‌تی نێوان دانیشتوانی هه‌ردوو دیوی ده‌روازه‌كه له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و باكووری كوردستان له‌و ده‌ڤه‌ره، رۆژانه ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیانی ناوچه‌كه ئه‌و ده‌روازه‌یه بۆ سه‌ردانی كه‌سوكاره‌كانیان به‌كارده‌هێنن.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه، ئه‌مه یه‌كه‌م جار نییه چه‌كدارانی په‌كه‌كه په‌لاماری ده‌روازه‌كه و شوێنه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌ده‌ن، تا ئێستا چه‌ندین جار له هه‌ردوو دیوی ده‌روازه‌كه هێرشیان هێرشیان ئه‌نجامداوه.
ئێواره‌ی رۆژی 8ی 10ی ساڵی 2020ـیش، غازی ساڵح ئالیخان، به‌رپرسی ئاسایشی ده‌روازه‌ی سه‌رزێڕێ، له گوندێكی سنووری قه‌زای ئامێدی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌وه به چه‌كی نیشانشكێن ته‌قه‌ی لێكرا و به‌ر له‌وه‌ی بگه‌یه‌ندرێته نه‌خۆشخانه، گیانی له‌ده‌ستدا.
H.B